عێراق

فەرھاد ئەتروشی بە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵبژێردرا

- بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان، فەرھاد ئەتروشی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە ھەڵبژێردرا.

Zana Natık Kerem  | 30.12.2025 - نوێکردنەوە : 30.12.2025
فەرھاد ئەتروشی بە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵبژێردرا

Arbil

ھەولێر ــ AA

بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان، فەرھاد ئەتروشی بە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵبژێردرا.

ئەمڕۆ سێشەممە لە تەواوکەری دانیشتنی ژمارە (١)ی ئاسایی وەرزی یەکەمی یاسادانان بۆ ساڵی یەکەمی خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی عامر جاسم فایز وەک بەتەمەنترین ئەندامی خوولی شەشەمی ئەنجوومەنەکە، گەڕی سێیەمی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجامدرا.

ھەریەک لە ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، فەرھاد ئەتروشی و سەرۆکی فراکسیۆنی ڕەوتی ھەڵوێست، ڕێبوار کەریم خۆیان بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەربژێر کرد.

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە پێتشر پارتی دیموکراتی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵای بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەربژێر کردبوو.

گۆڕینی بەربژێرکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دوای ھەموارکردنی ماددەی حەوتەمی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران ھات.

لە ھەموارکردنەوەی ماددەی حەوتەمی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران، دەسەڵات دراوە بە سەرۆکی بەتەمەن لەوەی دووبارە دەرگا بکاتەوە کە بەربژێری دیکە لە بری بەربژێری کشاوە خۆی پێشکەش بکات.

ئەمەیش لە کاتێکدایە کە دوێنێ دووشەممە، دوای دوو گەڕی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ھیچ کام لە بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا و بەربژێری ڕەوتی ھەڵوێست، ڕێبوار کەریم نەیانتوانی دەنگی ڕەھای ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران کە دەکاتە ٥٠+١ (١٦٦ دەنگ) بەدەستبھێنن، بۆیە پڕۆسەکە چووە گەڕی سێیەمەوە.

لە گەڕی یەکەمی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆی ٢٩٣ دەنگ، ڕێبوار کەریم ١٥٣ دەنگی بەدەستھێنا و شاخەوان عەبدوڵڵایش ١١٩ دەنگی بەدەستھێنا و ٢١ دەنگیش پووچەڵکرانەوە و لە گەڕی دووەمیش ٢٨٠ ئەندام دەنگی دا کە ڕێبوار کەریم ١٥٦ دەنگی بەدەستھێنا و شاخەوان عەبدوڵڵا ١٠٢ دەنگی بەدەستھێنا و ٢٢ دەنگی پووچەڵیش ھەبوو.

لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا لە کۆی ٣٢٩ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران کە ٢٩٣یان ئامادەی دانیشتنەکە بوون لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوونەکە دەنگیان دا.

دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان، فەرھاد ئەتروشی بە بەدەستھێنانی ١٧٧ دەنگ، بە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵبژێردرا.

لە بەرامبەردا بەربژێری فراکسیۆنی ڕەوتی ھەڵوێست، ڕێبوار کەریم ١٠٤ دەنگی بەدەستھێنا و ١٢ دەنگیش پووچەڵکرانەوە.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın