"شاخەوان عەبدوڵڵا خۆی لە بەربژێری بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کشاندووەتەوە"
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند کە بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، خۆی لە بەربژێری کشاندووەتەوە.
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند کە بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، خۆی لە بەربژێری کشاندووەتەوە.
سەرچاوەکە بە ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق "INA"ی ڕاگەیاندووە کە شاخەوان عەبدوڵڵا لە بەربژێری بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کشاندووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە کە لە بری شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، فەرھاد ئەتروشی کراوەتە بەربژێر بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت دوێنێ دووشەممە، دوای دوو گەڕی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ھیچ کام لە بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا و بەربژێری ڕەوتی ھەڵوێست، ڕێبوار کەریم نەیانتوانی دەنگی ڕەھای ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران کە دەکاتە ٥٠+١ (١٦٦ دەنگ) بەدەستبھێنن، بۆیە پڕۆسەکە چووە گەڕی سێیەمەوە.
لە گەڕی یەکەمی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆی ٢٩٣ دەنگ، ڕێبوار کەریم ١٥٣ دەنگی بەدەستھێنا و شاخەوان عەبدوڵڵایش ١١٩ دەنگی بەدەستھێنا و ٢١ دەنگیش پووچەڵکرانەوە و لە گەڕی دووەمیش ٢٨٠ ئەندام دەنگی دا کە ڕێبوار کەریم ١٥٦ دەنگی بەدەستھێنا و شاخەوان عەبدوڵڵا ١٠٢ دەنگی بەدەستھێنا و ٢٢ دەنگی پووچەڵیش ھەبوو.
