Fakhradin Ibrahim Mohammad
30 کانوونی یەکەم 2025•نوێکردنەوە: 31 کانوونی یەکەم 2025
ئەنقەرە – AA
سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان ڕایگەیاند، "بە فەرمی ناسینی سۆماڵیلەند لە لایەن ئیسرائیلەوە ناڕەوا و قبوڵکراو نییە" و لە بەرامبەردا، سەرکۆماری سۆماڵ حەسەن شێخ مەحموود گوتی: "هەڵوێستی دژبەرانەی ناتانیاهو (دژ بە یەکپارچەیی خاکی سۆماڵ) قبوڵکراو نییە".
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئێوارەی ئەمڕۆ لە کۆشکی سەرکۆماریی پێشوازی لە سەرکۆماری سۆماڵ حەسەن شێخ مەحموود کرد و دوای کۆبوونەوەی هەردوو لا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا قسەیان بۆ ڕاگەیاندن کرد.
لە سەرەتای کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، سەرکۆمار ئەردۆغان وێڕای ئاماژە بە چالاکییەکانی هەڵکەندن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوە سرووشتییەکان، گوتی: "مەبەستمانە لە ساڵی ٢٠٢٦دا دەست بکەین بە چالاکییەکانی هەڵکەندن ئەم چالاکییانە پشکێکی گرنگی هەیە بۆ خۆشگوزەرانی خەڵکی سۆماڵ. وەک تورکیا دوو کەشتی دیکەی هەڵکەندنمان بە تیمەکانی دەریاوانیمان زیاد کردووە..
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "سەرەڕای کردەوە خرابکارانەی ئەوانەی کە نایانەوێ سۆماڵ هەستێتەوە، بەڵام لەو وڵاتە ئاسایشێکی بەرچاو دەستەبەر کراوە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە بڕیاری بەفەرمی ناسینی سۆماڵیلەند لە لایەن ئیسرائیل کرد و گوتی: "بە فەرمی ناسینی سۆماڵیلەند لە لایەن ئیسرائیلەوە ناڕەوا و قبوڵکراو نییە".
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕاشیگەیاند کە لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتننامەیەی کە لەگەڵ سۆماڵدا هەیانە، لە هەوڵی دامەزراندنی پێگەیەکی ئاسمانی لەو وڵاتەدا دەبن.
لە بەرامبەردا سەرکۆماری سۆماڵ حەسەن شێخ مەحموود وێڕای دەربڕینی سوپاسی خۆی بۆ پشتیوانییەکانی تورکیا بۆ وڵاتەکەی گوتی: "لە کاتێدا سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سۆماڵ لە هەڕەشەدا بوو، هەستمان بە پشتیوانی دەوڵەت و گەلی تورک کرد".
حەسەن شێخ مەحموود گوتیشی: "هەڵوێستی دژبەرانەی ناتانیاهو (دژ بە یەکپارچەیی خاکی سۆماڵ) قبوڵکراو نییە".