سەرکۆمار ئەردۆغان: "هاوشێوەی ھەموو گەلانی سووریا زامنی ئاسایش و ئارامیی و خۆشگوزەرانیی کوردەکانیش تورکیایە"
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "هاوشێوەی ھەموو گەلانی سووریا، زامنی ئاسایش و ئارامیی و خۆشگوزەرانیی کوردەکانیش تورکیایە. ئەوانەی ڕوویان لە ئەنقەرە و دیمەشقە سەردەکەون".

Muş
مووش - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "هاوشێوەی ھەموو گەلانی سووریا، زامنی ئاسایش و ئارامیی و خۆشگوزەرانیی کوردەکانیش تورکیایە. ئەوانەی ڕوویان لە ئەنقەرە و دیمەشقە سەردەکەون".
لە میانی بەشداری کردنی لە بەرنامەیەکدا کە بە بۆنەی ٩٥٤هەمین ساڵیادی سەرکەوتنی مەلازگیرت لە ناوچەی پارکی نەتەوەیی مەلازگیرت ڕێکخرابوو، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد وەک گەل، بەو ئازایەتی و متمانە بەخۆبوونەی لە داستانی قارەمانی ٩٥٤ ساڵ لەمەوبەر لە دەشتی مەلازگیرت نووسراوە، بەرەو داهاتوو هەنگاو دەنێن و، ڕایگەیاند: "سەرەڕای هەموو جۆرە بەربەست، ڕێگریی و تێکدانێک، بە تەواوی مانا هەر بۆ تورکیایەکی گەورە و بەهێز تێدەکۆشین".
سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمڕۆ تورکیایەک هەیە لەگەڵ هاووڵاتیانیدا بووەتە هیوای ستەمدیدەکان و، ڕایگەیاند: "لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە بە نامە، پەیوەندی تەلەفۆنی و کۆبوونەوە نێودەوڵەتیی و ناردنی زیاتر لە ١٠٢ هەزار تۆن هاوکاری مرۆیی بە بەهێزترین شێوە بەرگریی لە ماف و یاساکانی غەززە دەکەین".
گوتیشی: "وڵات و حکوومەتێکمان هەیە کە لە ھەموو پلاتفۆرمێکدا خاوەندارێتی دۆزی فەڵەستین دەکەن و هەرگیز خوشک و برایانی غەززەی بەرامبەر ستەمەکانی ئیسرائیل تەنیا جێنەهێشتووە".
هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد لەناو پرۆسەیەکدان کە ئەنجامی هەموو ئەم هەوڵ و تێکۆشانانە وەردەگرن و، ڕایگەیاند: "لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا کە بۆ تەواو ڕوخاندنی ئەو دیوارانەی فیتنە کە لە نێوان ئەندامانی گەلەکەماندا دروستکراون دەستمان پێکردووە، لە ماوەیەکی کورتدا مەودایەکی گرنگمان بڕی".
گوتیشی: "ئەوە ڕاستییەکە کە هەر کات تورکیا بەرەو چارەسەرکردنی تەواوی پرسی تیرۆر هەنگاو دەنێت، هێرش و تێکدان و تەڵە زیاد دەکەن. هەندێک جار ئەمە بە درۆ و چەواشەکاری ئەنجام دەدەن، هەندێک جار بە وروژاندنی هەستیاری کۆمەڵگا ئەنجامی دەدەن، هەندێک جار بە بڵاوکردنەوەی ترس لەنێو خەڵکەکەماندا ئەنجامی دەدەن، هەندێک جار بە بەکارهێنانی سیخوڕەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوە ئەنجامی دەدەن، هەندێک جاریش بە ڕووکەش ڕاست دەردەخەن. بەڵام چی دەکەن بیکەن، ئەمجارە ناتوانن سەرکەوتووبن. پشتیوان بە خودا ئەمجارە ھیچ کەسێک ناتوانێت بەر بەو کەشی ھیوایەی بە پشتیوانی گەلەکەمان دروست بووە، بگرێت. ئەوانەی ساڵانێک لە جیابوونەوە و دابەشبوون و دووبەرەکی نێوان براکان قازانج و بەرژەوەندییان دەستەبەر کردووە، پشتیوان بەخودا ئەمجارە ناتوانن سەرکەوتووبن".
سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە لەژێر سێبەری دڵنیابەخشی مانگی نازداردا شوێن بۆ هەموو کەسێک هەیە و، ڕایگەیاند: "تورکیاکەمان لە هەمان کاتدا سەلامەتترین بەندەرە کە کاتێک برایانمان لە دەرەوەی سنوورەکانمان دەکەونە تەنگانەوە، پەنای بۆ دەهێنن. تەماشا بکەن، ئەمەمان لە عێراقدا بینی، ئەمەمان بەدرێژایی ١٤ ساڵ لە سووریا دراوسێماندا بینی. ئەمەمان پێشتر لە باڵکانەوە تا قەوقاز، لە زۆر گۆشەی جوگرافیای دڵماندا بینی. سبەینێش پەناگەی پاراستنی ئەوانەی ستەمیان لێ دەکرێت، پەراوێز خراون، گوشار دەخرێتە سەریان و ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە، ھەر تورکیا و گەلی تورک دەبێت، لەبەرئەوە هاوشێوەی ھەموو گەلانی برای سووریا، زامنی ئاسایش و ئارامیی و خۆشگوزەرانیی کوردەکانیش تورکیایە. ئەوانەی ڕوویان لە ئەنقەرە و دیمەشقە سەردەکەون. ئەوانەی ڕێز لە یاساکانی برایەتیی و دراوسێتی دەگرن سەردەکەون. ئەوانەشی ئاڕاستەی خۆیان دەشێوێنن و بەدوای سەرپەرشتیاری بیانی نوێدا دەگەڕێن، ئەنجامەکەی دۆڕان دەبێت. ئەوەیش دەزانین ئەگەر شمشێر لە کێلان بێتە دەر، ئەوا دەرفەت بۆ قەڵەم و گوتە نامێنێت. دووپاتی دەکەمەوە، ئێمە لە تەواوی ناوچەکەماندا لایەنگری بنیاتنانی ئاشتی ھەمیشەیین. ئێمە لەگەڵ ئەوەین کێشەکان لەڕێگەی گفتوگۆ و دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن".
ڕاشیگەیاند: "با کەسێک ئەوەی لەیاد نەچێت کە وەک تورک، عەرەب و کورد تا قیامەت هەموو بەیەکەوە لەم جوگرافیایەدا دەژین. تەنانەت دوای ئەوەی ئەوانەی کە لەسەر خوێنی موسڵمانان دەژین لە سەر شانۆی مێژوودا نامێنن، ئێمە ھەر لێرە دەبین. لەیادتان نەچێت، ئێمە لە مەلازگیر دەبین. وەک نەوەکانی سوڵتان ئاڵپئارسلان و سەڵاحەددین ئەیووبی، سەدەى تورکیا، تورکیای مەزن و بەهێز، دەست لە ناو دەست سەرەتا تورکیای بێ تیرۆر، پاشان ناوچەی بێ تیرۆر بەدیدەهێنین. پشتیوان بە خودا سروودی برایەتی دەڵێینەوە، نەک دابڕان. لەدوای کۆچکردووانمان شیوەن ناکەین، بەڵکە هەموو بەیەکەوە بە پەرۆشەوە سروودەکانی سەرکەوتنی دەستکەوتە ھاوبەشەکانمان دەڵێینەوە".