توركيا

سبەی دووهەمین کۆبوونەوەی ئامادەکاری گرووپی پلاندانانی هاوبەشی تورکیا-عێراق ساز دەکرێت

Sümeyye Dilara Dinçer  | 16.04.2025 - نوێکردنەوە : 17.04.2025
سبەی دووهەمین کۆبوونەوەی ئامادەکاری گرووپی پلاندانانی هاوبەشی تورکیا-عێراق ساز دەکرێت

Ankara

ئەنقەرە - AA

سبەی لە بەغدای پایتەختی عێراق دووهەمین کۆبوونەوەی ئامادەکاری گرووپی پلاندانانی هاوبەشی تورکیا-عێراق بەڕێوەدەچێت.

بەپێی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە دەستکەوتووە، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی جێگری وەزیری دەرەوە، نوح یڵماز و هاوتا عێراقییەکەی، محەمەد حوسێن بەحرلعلوم لە بەغدا ئەنجام دەدرێت.

بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا ئیرادەی هاوبەش لەسەر کارنامەیەکی ئەرێنیی و لە چوارچێوەیەکی دامەزراوەییدا بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات دووپات بکرێتەوە و، تاوتوێی پرۆسەی پەسەند کردن و جێبەجێ کردنی ئەو ڕێککەوتننامانە بکرێت کە لە سەردانەکەی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق واژوو کران، لەگەڵ ئەو قۆناغەی پێکهێنانی میکانیزمە هاوبەشەکانی پێگەیشتووە.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارە جەخت لەو گرنگییە بکرێتەوە کە تورکیا بە پاراستنی سەقامگیریی و ژینگەی ئەمنیی عێراق دەیدات، هاوکات باس لەوە دەکرێت تورکیا پشتیوانی لەو هەوڵانە دەکات کە حکوومەت بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سوودانی دەیدات بۆئەوەی شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە و پێشهاتەکانی سووریا کاریگەری نەرێنیی لەسەر عێراق دروست نەکەن.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ عێراق لە بوارەکانی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆدار پەرەیپێدراوە جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە تورکیا خۆشحاڵە بەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لەلایەن عێراقەوە وەک "ڕێکخراوی قەدەغەکراو" ناسێندرا. لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕوانی ئەنقەرە دووپات دەکرێتەوە لەوەی بە فەرمی پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنرێت و بەتەواوەتی لەخاکی عێراقدا نەهێڵدرێت.

بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا تورکیا پشتیوانی خۆی بۆ پڕۆژەی ڕێڕەوی گەشەپێدان دووپات بکاتەوە کە گرنگیی ستراتیجی هەیە و، لەو ڕووەشەوە هەنگاوە پێویستەکان بۆ خێراکردنی پڕۆژەکە تاوتوێ دەکرێت. هەروەها پێشبینی دەکرێت باس لە پاراستنی ئاسایش، ئارامیی و خۆشگوزەرانی تورکمانەکان بکرێت کە پردێکی مرۆیی بەهێزن لە نێوان تورکیا و عێراقدا.

چاوەڕوان دەکرێت لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق، یڵماز لە بەغدا و هەولێر دیدار و کۆبوونەوەی باڵا ئەنجام بدات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın