موسڵ
ئەندامی فەرماندەیی لەشکری ھێزەکانی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان عەبدولڕەحمان کەورینی لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، دەنگۆی کشانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکانی زومار و کەسک رەتدەکاتەوە.
هاوکات دووپاتیدەکاتەوە کە سەرجەم ئەو ناوچانە لە ژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدایە.
کەورینی گوتی: "ئەو هەواڵەی بڵاوبووەتەوە کە باس لە کشانەوەی پێشمەرگە لە زومار دەکا، دوورە لە راستییەوە."
ئاماژەی بەوەشکرد کە چەکدارانی داعش ھەوڵی ھاتنەپێشەوەیان داوە، "بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە بێنە ئەو ناوچانەی کە پێشمەرگەی لێیە."
باس لەوەش دەکا کە لە ئاکامی پێکدادانەکانی دوو رۆژی رابردوودا لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و چەکدارانی داعش لە شارۆچکەی زومار و کەسک، ٦٢ چەکدار و پێشمەرگەیەک کوژراون.
جەختی لەوەشکردەوە کە پێشمەرگە لەو ناوچانە پاشەکشە ناکا.
د. کەورینی سەبارت بە ھەواڵی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگە لە پێکدادانەکانی چەند رۆژی رابردوودا، گوتی: "تەنیا یەک پێشمەرگە شەهید بووە."
روونیشیکردەوە کە لە ئێستادا ھێزێکی پاڵپشتی سەربازی زۆر بەرەو ناوچەی زومار و رەبیعە بە فەرمانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێردراوە و گەیشتوونەتە ھێزەکانیان، چاوەڕوان دەکرێ ھێزی زیاتریش بنێردرێ.
ئەمڕۆ هەواڵی کشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچەکانی زومار لە چەند میدیایەکی لۆکاڵی هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە، کە پشتیان بە چەند سەرچاوەیەک بەستبوو، بێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی ئەو سەرچاوانە بکرێ.