موسڵ
لەگەڵ بەردەوامی ھێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر شارۆچکەی تەلەعفەر-پارێزگای موسڵ کە تەنیا ٥٢ کیلۆمەتر لە قەزای شەنگالەوە دوورە، خەڵکی ناوچەکە بە لێشاو بەرەو سنوورەکانی ھێزی پێشمەرگە دەچن و لە لایەن خەڵکەوە پێشوازییان لێدەکرێ.
چەکدارانی داعش، درەنگانێکی شەوی رابردوو(یەکشەممە) ھێرشیانکردە سەر شارۆچکەی تەلەعفەر کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی تورکمانن، دوای ئەوەی سوپا و پۆلیسی شارۆچکەکە لە ناوچەکە کشانەوە، چەکداران توانیان سەرەتا دەست بەسەر قەڵای تەلەعفەردا بگرن و پاشان کۆنتڕۆڵی شارۆچکەکە بە تەواوی بکەن.
دواتر خەڵکی شارۆچکەی تەلەعفەر بە منداڵ و ژن و پیاوەوە بەرەو شاری شەنگال هەڵاتن.
هەرکە دەگەنە سنووری قەڵمڕەوی زێرەڤانی و پێشمەرگە، پێشوازییان لێ دەکرێ.
سەربەست باپیر بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شەنگال لە لێدوانێکدا ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم دواییەی پارێزگای موسڵ و پێکادانی نێوان چەکدارنی داعش و سوپای عێراق گوتی: "سەرجەم ناوچە کوردستانییە دابراوەکان لەژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدان، ناوچەکانی دیکە وەک عەرەبنشینەکان و تورکمان و نەتەوەکانی دیکە لەژێر دەستی چەکدارانی داعشدان، پێش ئەوەی ھێرش داعش بۆ سەر شارۆچکەی تەلەعفەر دەست پێ بکرێ ئێمە ھاوکاری ھێز و چەکمان بۆ برا تورکمانەکانی تەلەعفەر دەربڕی، بەڵام بەھۆی ھاتنە ناوەوەی حکومەتی مالیکی و بەھۆی ئەوەی دوو نەتەوەی سوننە و شیعەی لێیە، بۆیە نەمانویست ببین بە لایەنگری ھیچ کامیان، ئەوەی لە سنووری کوردستانبێ لەژێر کۆنتڕۆڵی پیشمەرگەدایە، ئامادەی ھەموو ھاوکارییەکی مرۆیین بۆ پەنابەرانی تورکمان، ئێستاش ھاوکارییان دەکەین و لە ھەوڵی دروستکردنی کەمپێکین بۆ مانەوە و حەوانەوەیان."
ئەحمەد عەلی، یەکێ لە دانیشتووانی تەلەعفەر کە بەرەو شەنگال دەڕۆی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "چەکدارانی داعش لە دوێنێوە بە چەکی قورس ھێرشیان بۆ سەر شارەکەمان دەستپێکردوە، چەندین کەس لە ئەنجامی بۆردمانەکان کوژراون یان برینداربوون، لە تاو گیانی خۆمان ھەڵاتین بەرەو سنووری کوردستان و ھێزەکانی پێشمەرگە."
یەکێ لە پەنابەران کارمەندنی نەخۆشخانەی گەورەی تەلەعفەرە بە ناوی ھەیسەم ئیبراھیم بۆ ئانادۆڵو گوتی: "چەکدارانی داعش لە سەعات دووی شەوی رابردوەوە ھێرشی قورسیان دەستپێکردووە، چەندین خانوو بەر ھێرشەکانی داعش کەوتوون، بریندارێکی زۆر لە نێوانیان ژن و منداڵ ھەروەھا کوژراویش ھەیە، برینداران لە نەخۆشخانەبوون، دوای ھاتنی چەکدارانی داعش بۆ شارۆچکەکە ئێمە ناچار بووین رابکەین، رەوشی تەلەعفەر زۆر خراپە بە بۆمب و قەناس ھێرش دەکەن و پۆلیسی تەلەعفەر ھەمووی رایکرد و ناوچەکە کەوتۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی داعشەوە."