بەرپرسی راگەیاندنی لقی موسڵی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: ئێوارەی دوێنی چەکدارانی داعش راگەیاندنکار و پێشکەشکار، (موهەند عەگید)ی لە یەکێک لە سەربازگەکانی نێو شاری موسڵ گوللەباران کردووە و تەرمەکەشی رەوانەی دادی پزیشکی ئەو شارە کردووە.
سەعید مەموزینی ئەوەشی راگەیاند: عەگیدی ماوەی چەند مانگێک بووە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستبەسەرکراوە و پێش ئەوەی گووللەبارانیش بکرێ، بەجستەیەوە دیار بووە، کە رووبەرووی ئەشکەنجە بۆتەوە، دوێنێ لەسەربازگەیەکی داعش گووللە باران کراوە.
موهەند عەگیدی لە دوو دەزگای راگەیاندن کاری کردووە، کەناڵی ئاسمانی موسڵییە و ئاژانسی سەدا پریس. ئەو پێشکەشکارە کەسێکی میانڕەو بووە و لەلایەن خەڵکی موسڵەوە ناسراو بووە.
بە کوشتنی ئەو راگەیاندکار و رۆژنامەنووسە ژمارەی ئەو رۆژنامەنووسانەی کە لەساڵی 2003 تا ئێستا کوژرا و تێرۆر کراون، گەیشتۆتە 51 رۆژنامەنووس.