ئیسلام ئاباد
رۆژی یەکشەممە سوپای پاکستان ڕایگەیاند: فڕۆکە جەنگییەکانی سوپا، درەنگانێکی شەوی رابردوو، بۆردمانی بارەگای چەکدارانی تاڵیبانی کردووە لە ناوچە شاخاوییەکانی دەغان و دەتا- هەرێمی وەزیرستان- و لە ئاکامدا ٥٠ چەکدار کوژراون و بارەگاکانیان بە تەواوی خاپوور کراون.
سوپای پاکستان ئاماژە بەوە دەکا، لە ناو کوژراوەکاندا ژمارەیەکی زۆر کەسانی غەیرە پاکستانی هەن و لە ریزەکانی تاڵیباندا دژی حکومەتی ئیسلام ئاباد جەنگاون.
رۆژی١٠ی ئەم مانگە، فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستان، لە دۆڵی تیراهیان لە باکووری هەرێمی وەزیرستان کە هاوسنووری ئەفغانستانە، بۆردمانی بارەگای چەکدارانی تاڵیبانی کرد و سوپای ئەو وڵاتە رایگەیاند: لەو بۆردمانەدا ٢٥ چەکداری تاڵیبان کوژراون.