ئیسلام ئاباد
بە پێی سەرچاوە میدیاییەکانی پاکستان دوێنی لە باکووری ھەرێمی وەزیرستانی پاکستان و لە ئەنجامی ھێرشێکی فرۆکە بێ فرۆکەوانەکانی ئەمەریکا بۆ سەر پێگەیەکی چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان؛ سەرۆکی بزووتنەوی تاڵیبان لە پاکستان حەکیموڵا مەسعود کوژراوە.
تا ئێستا حکومەتی پاکستان ھیچ لێدوانێکی لەبارەی کوشتنی حەکیموڵا نەداوە و وەزیری ناوخۆی پاکستان نیسار چادری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد کە ئەوان ناتوانن کوشتنی حەکیموڵا مەسعود پشتڕاست بکەنەوە چونکە زانیاری پێویستیان لەوبارەوە لەبەردەستدا نیە.
شوێنی کە ھێرشەکەی تێدا ئەنجامدراوە دەکەوێتە ناوچەی داندا دارفا لە باکووری وەزیرستان کە بزووتنەوەی تاڵیبان لەو دەڤەرە باڵادەستە.
بەپێی سەرچاوەکان لەو ھێرشەدا بێجگە لە کوژرانی حەکیموڵا، ھەروەھا شوفێری حەکیموڵا بەناوی تارق مەسعود کوژراوە و تەرمەکانیشیان لە شوێنێکی نادیار نێژراون.
میدیاکانی پاکستان ھەروەھا ئاشکرایانکرد کە گوتەبێَژی تاڵیبان کوشتنی حەکیموڵای پشتراستکردۆتەوە و بۆ شوێنگرتنەوەی ئەویش باس لە سێ کەس لە بەرپرسانی تاڵیبان بە ناوەکانی عومەر خالد، مەلا فەزلوڵا، خان سەعید سەنجا دەکەن.
حەکیموڵا مەسعود لە ساڵی ٢٠٠٩ و دوای کوەشتنی بەلاتوڵا بوو بە سەرۆکی بزووتنەوەی تاڵیبان لە پاکستان و پێشتریش دوو جار فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی ئەمریکا بەمەبەستی کوشتنی ھێرشیان کردۆتە سەر بەڵام لە ھەردوو ھێرشەکە رزگاریبوو.