Hemin Hüseyin
16 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2017
هەولێر- AA
خاوەن پڕۆژەی باخچەی ئاژەڵان لە هەولێر، خەلیل کاوانی: "ئەو باخچەیە نزیکەی ١٥٠ ئاژەڵ و پەلەوەڕی تێدایە کە لە ٣٥ جۆر پێکدێن و هەموویانم لە دەرەوەی وڵات هێناوەتە هەرێمی کوردستان کە سەرجەمییان بە بەچکەیی بۆم هاتوون و لێرە گەورەبوون و زاوزێیان کردووە و خەرجی کڕینیشیان ٢٠٠ هەزار دۆلار بووە".
هەر وڵاتێک بەفەرهەنگ و کولتوورییەوە دەناسرێتەوە و، کاتێک گەشتیارێک سەردانی وڵاتێک دەکات، سەرەتا سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان و مۆزەخانە و ئەو شوێنانەی کە پێویستە لە هەر وڵاتێکدا هەبێت دەکات. لە شاری هەولێر لە پاڵ هەبوونی مۆزەخانە و چەندین شوێنی گەشتیاری، ماوەی چوار ساڵیش دەبێت لەلایەن کەرتی تایبەتەوە باخچەیەکی ئاژەڵان کراوەتەوە و رۆژانە خەڵکێکی زۆر رووی تێدەکات بەتایبەت لە رۆژەکانی پشوو، بەڵام زاوزێکردنی ئاژەڵەکان وایکردووە کە ئەم باخچەیە پێویستی بەفراوانبوون هەبێت.
هەبوونی باخچەی ئاژەڵان وەکو پێویستییەکی فەرهەنگی و پەروەردەیی هەژمار دەکرێت چونکە منداڵان سەردانی ئەو شوێنە دەکەن و ئەمەش وا دەکات هەر زوو شارەزای ناو و جۆر و مێژووی ئاژەڵەکان ببن، خاوەنی ئەو پڕۆژەیەش ئاماژە بەبچووکی باخچەکە دەکات و پێی وایە بەهۆی زاوزێی ئاژەڵەکانەوە دەبێت رووبەری باخچەکە فراوانتر بکرێت و لەم رووەوەش هەنگاوی زۆری ناوە بەڵام بەگوتەی خۆی تاوەکو ئێستا هەنگاوەکانی بێ ئەنجام بوون.
خاوەنی پڕۆژەکە، خەلیل کاوانی لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دروستکردنی باخچەی ئاژەڵان بیرۆکەیەکی خۆم بوو کە لە ساڵی ١٩٩٦ لە باخچەی گڵکەند ئەو باخچەیەم هەبوو بەڵام دواتر بەهۆی نۆژەنکردنەوەی باخچەی گڵکەند، حکوومەت داوای لێکردم کە دەبێت ئەو شوێنە بەجێبهێڵم و پێیان گوتم لە جێگایەکی دیکە زەویت پێ دەدەین، ئەوە بوو ماوەی شەش ساڵ چاوەڕێم کرد و دواتر لە مەزادێکی ئاشکرادا یەک دۆنم زەویم وەرگرت و لەسەر بوودجەی خۆم پڕۆژەکەم دروست کرد".
ئەو پڕۆژەیە دەکەوێتە سەر رێگای کۆنی بنەسڵاوە و لەسەر رووبەری ٢ هەزار و ٥٠٠ مەتر دروستکراوە و چەندین جۆری ئاژەڵی تێدا دەژیت و خەڵک دەستە دەستە دەچن بۆ سەیرکردنی ئاژەڵەکان و سەبارەت بەژمارە و جۆری ئاژەڵ و پەلەوەڕەکانیش، خەلیل کاوانی گوتی: "ئەو باخچەیە نزیکەی ١٥٠ ئاژەڵ و پەلەوەڕی تێدایە کە لە ٣٥ جۆر پێکدێن و هەموویانم لە دەرەوەی وڵات هێناوەتە هەرێمی کوردستان کە سەرجەمییان بە بەچکەیی بۆم هاتوون و لێرە گەورەبوون و زاوزێیان کردووە و خەرجی کڕینیشیان ٢٠٠ هەزار دۆلار بووە"
خاوەنی ئەو پڕۆژەیە ئاماژە بەوەش دەکات کە سەردانی چەندین شوێنییان کردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەکە فراوانتر بکەن و بەگوتەی خۆی لە کۆی ٣٧ دۆنم زەوی کە بڕیارە پارکێکی گەورەی لێ دروست بکرێت، تەنیا یەک دۆنمیان داوەتە باخچەی ئاژەڵان و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێرە ٣٧ دۆنم زەوییە کە بۆ پارکێکی گەورە تەرخان کراوە و لەناو ئەو پڕۆژە گەورەیەدا تەنیا یەک دۆنم زەویان داوەتە من و لەبەر ئەوەی هیچ باخچەیەکی ئاژەڵانیش لە شاری هەولێر نییە و خەڵکێکی زۆر رووی تێدەکات و لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی زاوزێ کردنەوە ژمارەی ئاژەڵەکان زیادبووە و پێویستی بەفراوانکردن هەیە ، بۆیە سەردانی پارێزگاری هەولێرم کرد بۆ ئەوەی بتوانین پڕۆژەکە فراوانتر بکەم و دواتر سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا سەردانی پڕۆژەکەی کرد و بۆخۆیان ئەوەیان بینی کە پڕۆژەکە پێویستی بەفراوانبوون هەیە، هاوکات کۆمەڵێک خەڵک لەبەردەم دەرگا خەریکی کاسبی کردنن و بەڵام بەداخەوە جێگایەکەم زۆر بچووکە و تاوەکو ئێستا هیچم بۆ نەکراوە".
سەبارەت بەنرخی بلیت و ژمارەی ئەو کەسانەی رۆژانە سەردانی باخچەی ئاژەڵان دەکەن، خەلیل کاوانی گوتی: "نرخی هاتنە ژوورەوە بۆ هەر کەسێک هەزار دینارە و رۆژانی هەینی ٦٠٠ تا ٧٠٠ کەس دێن لە وەرزی زستان و لە وەرزەکانی دیکەش ئەو رێژەیە بەرز دەبێتەوە، هاوکات لە رۆژە ئاساییەکانیش نزیکەی ٢٠٠ کەس سەردانمان دەکەن و زۆر جاریش لە رۆژە پشووەکان ناتوانین ئەو هەموو خەڵکە وەرگرین بەهۆی بچووکی باخچەکە".
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، نادر روستی بوونی باخچەی ئاژەڵان وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی داهات پێناسە دەکات و پێی وایە ئەو جۆرە باخچانە بۆ هەموو شارێک پێویستە و ئاماژە بەوەش دەکات کە رۆژانە قوتابییەکان لە وانەکانی خوێندندا پێویستییان بەچەندین زانیاریی هەیە لەسەر ئاژەڵەکان و ئەمەش دەبێتە پەرەپێدانی کەرتی پەروەردەیی و لەمبارەیەوە گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٣ قەرزی گەشتیاریمان دا بەو پڕۆژەیە بۆ ئەوەی باخچەی ئاژەڵان بکاتەوە لەسەر رێگای بنەسڵاوە، پێشووتر ئەو باخچەیە هەبوو لەناو باخچەی گڵکەند بوو بەڵام دووبارە لەسەر رێگای بنەسڵاوە لەسەر رووبەری یەک دۆنم دروستکرا، بەڵام شوێنەکە بچووکە".
نادر روستی گوتیشی: "لە رووی گەشتیارییەوە بەشێوەیەکی گشتی باخچەی ئاژەڵان بۆ هەر شارێک پێویستە و گرنگە چونکە زۆرێک لە گەشتیاران ئەو حەزەیان هەیە کە سەردانی ئەو شوێنانە بکەن و کاتێکی خۆش بەسەربەرن بەڵام نەک ئەو باخچەیەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە بەڵکو دەبێت باخچەیەک بێت لە رووی رووبەرەوە فراوان بێت و شوێنی ئاژەڵەکان گونجاو بێت لە رووی پەروەردە و بەخێوکردنییان، شێوەیەکی تەندروست و شێوەیەکی ئەکادیمی هەبێت جگە لەوەی کە پێویستە دار و درەختی لێ هەبێت، چونکە ئاژەڵەکان سوود لەو جێگایە وەردەگرن".
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەش دەکات کە هەبوونی ئەو باخچەیە بەشێوەیەکی ئەکادیمی سوودێکی گرنگی هەیە لە رووی پەروەردەییەوە و گوتی: "هەبوون و فراوانبوونی باخچەی ئاژەڵان سوودێکی گرنگی هەیە بۆ پەرەپێدانی کەرتی پەروەردەیی چونکە زۆربەی ئاژەڵەکان رۆژانە لە پرۆگرامی خوێندن دەبینرێن و باسییان لێوە دەکرێت، بۆیە گرنگە ئەو باخچەی ئاژەڵانە هەبن کەواتا لە هەمانکاتیشدا دەبێتە سەرنجڕاکێش بۆ گەشتیاران و دوای ئەوەش دەبێتە یەکێک لە سەرچاوەکانی داهات".