مەخموور
پاش ئەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە توانیان بەرزاییەکانی سوڵتان عەبدوڵڵا و ناوچەکانی تەلەریم و تەلشەعیر کۆنترۆڵ بکەن، سەدان خێزانی عەرەب نشینی نزیکی ناحێیەی گەیارەی باشووری مووسڵ لە دەستی داعش ھەڵاتوون و روویان لە مەخموور کردووە، لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە رەوانەی ناحێیەی دیبەگە کران.
دانیشتوانی ناحێیەی دیبەگە بە گەرمی پێشوازیان لەو ئاوارانە کرد کە لە دەست داعش ھەڵاتوون بە جۆرێ ھۆڵ و مزگەوتەکانی دیبەگە پر بوون لەو خەڵکەو دانیشتوانی ئەو ناحێیەیەش ھەموو جورە یارمەتیەکیان بۆ دابینکردن.
ئەوەی جێی سهرنج بوو کوردەکانی ئەو ناحێیە مزگەوتەکانی خۆیان کردووە بە شوێنی حەوانەوەی ئەو ئاوارانە .
بەڕێوەبەری ناحێیەی دیبەگە تۆڵە مەھدی لەو بارەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو ئاوارانە زووربەیان لە ناوچەکانی ژێر دەستی داعش ھەڵاتوون و پەنایان بۆ پێشمەرگە ھێناوە. ئێستا لە مزگەوتەکانی دیبەگە خزمەتیان دەکەین، لە کاتێکی نزیکدا بە ھەماھەنگی لەگەڵ پارێزگای ھەولێر و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کەمپێکیان دابین دەکرێ".
ھەروەھا لە بارەی ئەو خێزانانەی خزموکەسیان لەگەڵ داعشن گوتی: "ھەرچەندە رێ وشوێنی ئەمنی گیراوەتە بەر بەڵام لە ھەمان کاتدا پێشمەرگە پرسی مروڤایەتی و پرسی سیاسی لە یەک جیا دەکاتەوە بە جۆری لە شەری رژێمی بەعس و شوڕشەکانی دیکەی کوردستانیش پێشمەرگە ئیسباتی کردووە کە مرۆڤ دۆستە".
نزیکەی مانگێکە زیاتر لە سێ ھەزارکەس کە پێکھاتوون لە زیاتر لە ٥٠٠ خێزان لە ناحێیەی دیبەگەی سەر بە قەزای مەخموور لە نێو مزگەوت و ھوڵەکاندا نشتەجێن.
ئەبو حوسام خەڵکی گوندی تەندەر و ئاواره بووه، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە بە ھەموو شێوەیەک لە کوردستان رازین و بە تایبەتی لە ئەخلاق و ئەتیکێتی مرۆڤ دۆستانەی پێشمەرگە سەرسام بووین، کە لە کاتی ھاتنی داعش بۆ نێو گوندەکانی ئێمە ھەڵ ھاتووین و بە گەرمی پێشوازی لە ئێمەکرا ئەو کارەیان ھەرگیز لە بیر ناکەین".
ئەبو حوسام دەڵێ "ئێمە ئێستا لە ھۆڵی مزگەوتی پیر خدری شاھۆ زیاتر ٢٥ خێزانین بە جۆری لە دەرەوە و نێو مزگەوت و هەتا شوێنی مینبەری زانایانی ئایینیش خێزانی عەرەبی تیَدایە کە ئەویش بە بەرز دەنرخێنین"