بەردەڕەش / شوان سدیق
لەدوای ئەو ئێوارەی هوجام بە توڕەبوون و خێراییەوە هاواری لە كچ و كوڕەكانی كرد بۆ ئەوەی جل و بەرگ و پێداویستییە سەربازییەكانی ئامادە بكەن بۆ ئەوەی بچێتە سەنگەرەگان، ئەو چیتر نەگەڕایەوە. ئەڤینی كچە گەورەی لەچاوەڕوانی ئەودا بوو بیباتە نەخۆشخانە بەڵام "مەرگ" رێگەی نەدا.
هوجام عەبدولڕەحمان خزر تەمەن 45 ساڵ كاری ئەو پێشمەرگە بوو. شەشی ئابی 2014 لە سنووری شەلالاتی نزیك موسڵ بە برینداری لەلایەن چەكدارانی داعش دەستگیر دەكرێ دوو پێشمەرگەی تریشی لەگەڵ دەبێ.
لەو ماوەی لای چەكدارەكان دەستبەسەر بووە، لەڕێگەی خەڵك بەبێ ئەوەی ناوی شوێن و مانەوەی ئاشكرا بكەن، پەیوەندیان بە عومەری كوڕیەوە كردووە، تەنیا وتوویانە "هوجام لە ژیاندا" ماوە. تا هەفتەی رابردوو لە گرتەیەكی ڤیدیۆی هەواڵی سەربڕینی بڵاو دەكەنەوە.
ماڵەكەیان لە گوندی بەردە سورە، كوڕەكەی عومەر هوجام بۆ پەیامنێری ئانادۆڵو قسەی كرد گوتی "كاتێ باوكم لە دوای هاتنی داعش بۆ ناوچەكە بێ سەروشوێن بوو، لەڕێگەی پیاوێكی عەرەب هەواڵیان پێداین ئەو لە ژیاندا ماوە، ئەگینا ناونیشانی هیچ شوێنێكیان بۆ ئاشكرا نەكردین نەماندەزانی ئەو شەش مانگە باوكم لە موسڵە یان لە شوێنێكی ترە".
لە رۆژانی رابردوو چەكدارانی داعش گرتەیەكی ڤیدیۆییان بڵاوكردەوە ، تێیدا پێشمەرگەیەكی كورد سەردەبڕن، سەربڕەكەشی خۆی ئاشكرا دەكات، كەسێكی كوردە و وەك ئەوەی ئاشكرا بووە ناوی ”موەفەق ئەسعەد” خەڵكی قەزای بەردەڕەشە و سەری ” هوجام سورچی ” دەبڕی كە دانیشتووی گوندی بەردەسووری ماحێیە رۆڤیای سەر بە قەزای بەردەڕەشی پارێزگای دهۆكە و نزیكەی 6 مانگ پێش ئێستا لەلایەن چەكدارانی داعش دەستبەسەر بووە.
رۆژی چوار شەممە 10 رۆژ بەسەر هەواڵی سەربڕینی هوجام سورچی لەلایەن چەكداری داعش تێ دەپەڕێ كەچی هێشتا وەك یەكەم رۆژی گەیاندنی هەواڵەكە خەڵكێكی زۆر سەردانی خێزانەكەی دەكەن.
مراری عەلی هاوسەری هوجام دەڵێ: "ئەوە شەش مانگە لەماڵی ئێمە پرسەیە شەو رۆژمان وەك یەك بەرێ كردوە، هەر رۆژە لە چاوەڕێی گەڕانەوەی هوجام بووم بەڵام دواجار تیرێكیان لە جەرگمدا بۆهەتا هەتایە خۆشی لەخۆم نەبینم".
مراری تەمەنی 43 ساڵە توانای قسەكردی نەبوو بە دەم هەنسكی گریانەوە نەی دەتوانی زووخاوی دڵی هەڵبڕێژی جار جارە سارای كچە چوار ساڵانەكەی لە باوەش دەگرت.
خێزانەكەی هوجام شەش مانگە رەشیان پۆشیوە، بەهۆی بڵاو كردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە لەلایەن چەكدارانی داعش لای خەڵكی كوردستان، ناسراون.
هوجام و مراری هاوسەری 11 منداڵیان هێناوەتە ژیان. شەش كوڕ و پێنج كچ دوو لە منداڵەكانیان كە یەكێكیان كچە گەورەكەیەتی ناوی ئەڤینە كەمئەندامە دوو لە كوڕەكانیشی وەك باوكیان پێشمەرگەن.
ئەڤین هوجام كە تەمەنی 25 ساڵە دەڵێ: "بەمنداڵی تووشی ئازاری جەستەی بووم چەندجارێك باوكم بردمی بۆ لای پزیشك ئەوانیش گوتیان لە دەرەوەی وڵات چارەسەرت بۆ دەكرێ بەهۆی خراپی باری ئابووری باوكم نەیتوانی من و براكەم بباتە دەرەوە یان پزیشكێكی باش".
ئەڤین ئەوەشی لەدڵ دەرناچێ وەك خۆی گوتی "یەكێك لە ئاواتەكانی باوكم ئەوەبوو من چارەسەر بكرێم باوكم بەڵێنی دا كە گەڕایەوە بمباتە لای پزیشكێكی باش بەڵام بەداخەوە ئاواتەكەی نەهاتە دی".
عومەر كوڕی دووەمی هوجام سورچیە بۆ دووساڵ دەچێ پێشمەرگەیە ئەو وەكو دایكی و خوشك و براكانی شەش مانگە جل و بەرگی رەشی پۆشیوە.عومەر دەڵێ: "كاتێ وێنەی باوكم دەبینم بەو جۆرە شەهیدی دەكەن، قارەمانیەتی ئەو پیاوەم دێتە پێش چاو ئەو كەسێكی زۆر دڵسۆزی خاك و نیشتمانەكەی بوو بەڕاستی پێشمەرگە بوو رقی لە خۆ پەرەستی و خیانەت بوو لە وێنەكەشدا دیارە سەری بۆ داعش شۆڕ نەكرد ئەمە هەموو شتێكە كە باوكم بۆ ئێمەی جێهێشتووە".
ژیانی خێزانی و باری ئابووری هوجام بەدۆخێكی دژواردا تێپەڕیوە، زۆری منداڵ و بوونی دوو نەخۆشی بەردەوام لە ماڵەكەی زیاتر فشاری خستبووە سەر ئەو پیاوە، ناچار بێ لەدوای گەڕانەوەی لە دەوامی پێشمەرگایەتی كرێكاری یان كاری تر بكات.
هوجام 20 ساڵ پێشمەرگە بووە، بەپێچەوانەی هاوڕێكانی تری ئەو كەمترین قۆناغی پلەی سەربازیی بڕیوە، كە نائیب زابتە موچەكەی لە بەرامبەر پێشمەرگەیەكی ئاسایی شتێكی وەها زیاد نەبووە.
مراری هاوسەری هوجام گوتی "هەر بەهەژاری ژیانمان بەسەر بردووە، هەتا دەستگیریش كرا هوجام قەرزاری خەڵك بوو ئەو قەرزانەش هی ئەوە بوو كە منداڵەكان بباتە نەخۆشخانە یان پێداویستی ماڵی پێ كڕیوە".
بكوژی هوجام سورچی خەڵكی ناوچەكەیە و لای هەمووان ناسراوە. ئەو كە ناوی موەفەقە پێش ئەوەی بڕواتە ریزی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بەداعش لە گوندی عەلی شانەی سەر قەزای بەردەرەش نیشتەجێ بووە.
ئەو كەسەی كە هوجام سورچی سەربڕیوە لە هێرشی ماوەكانی رابردوو لەسنووری ناوەرانی نزیك موسڵ وەك كەسوكاری هوجام باسی دەكەن، دوو برای لە ریزی چەكدارانی داعش لەلایەن پێشمەرگەوە كوژراوە، بۆیە وەك تۆڵە سەندەوە لە خوێنی براكانی هەستاوە بە كوشتنی هوجام و ڤیدیۆكەی بڵاوكردوەتەوە.
عومەر كە تەمەنی 18 ساڵە لەجیاتی دایكی زیاتر قسەی دەكرد بەناوی كەسوكاری هوجامی باوكی دەیگوت: "راستە ئەو كەسەی باوكمی شەهید كردووە، ناسراوە و لە عەشیرەتی زێباریە بەڵام ئێمە هیچ كاتێك كێشەمان لەگەڵ ئەو عەشیرەتە نییە و نابێ بەپێچەوانەوە هەندێ كەسی ناسراوی ئەو كابرایەی باوكمی كوشت هاتە پرسەكەمان و گوتیان ئەو كەسە بێ بەرییە لای ئێمە".
عومەر هوجام گوتیشی: "كەیسی باوكم زۆر لە كەیسی عەشیرەتێك گەورە ترە ئێمە لە شەڕی داعشداین ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە دژی نەتەوەی كوردە دەبێ بەهەموومانەوە لەدژی بووە ستینەوە بەڵێنمان بەخوێنی باوكمان داوە، تا لە ژیاندا مابین لەدژی داعش و دوژمنانی گەلی كورد شەڕ دەكەین".
ئەوەی مایەی سەرنجە لەكاتی بڵاوكردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیە هوجام هیچ جموجوڵێكی نییە تەنیا بەنیگایەكەوە سەیری كامێرا دەكات و بكوژەكەش بەدەنگی بەرز چەقۆ لە ژێر چەناكەی دادەنێ.
چیرۆكی هوجام لای هەموو تاكێكی كورد بەگرنگیەوە سەیر دەكرێ. زۆر نووسەرو رۆژنامەنووس و هونەرمەندی كورد وتار و هۆنراوەیان لەسەر ئەو پێشمەرگە بڵاو كردووەتەوە. ئەو چیرۆكە سنوورەكانی باشووری كوردستانیشی بەزاند و لە سەرانسەری جیهان گەلی كورد بەو تاوانەی داعش سڕ بوو.
رۆژنامەنووس چیمەن ساڵح وێنەی ئەكتەری بەناوبانگی هۆلیۆدی جۆرج كلۆنی لەگەڵ وێنەی هوجام بڵاو كردووەتەوە، نووسیوەتی: "هوجام تۆ ئەكتەری هۆلیۆد نەبووی ئەو ئاكشنەت لە كوێ هێنا. هۆلیۆد قارەمانێكی وەكو تۆیان دەست ناكەوێ تا شێری زێڕینی پێ ببەخشن".
هونەرمەندی شانۆكار كاروخ ئیبراهیمیش نووسیویەتی: "هوجام مردم ئەوەندەی سەیری چاوەكانت بكەم، یەك دونیا وێنەی تێدا دەبینم تا لە دەرگایەك دەچمە دەرەوە، هەزاران دەرگای تر دێتە سەر رێم ئەوە چ سەیر كردنێكە چی قسە و بەیت و بالۆرە و مەقامێكە چ ئاوازێكی غەمگینە چی گێڕانەوەیەكی سەیرە، هەندێك جار لەگەڵ ئەو نیگایەت، لە دایك دەبم تا تێر بگریم".
رۆژنامەنووس هێمن مامەند ئامادەی دەربڕیوە كە ئەركی دروستكردنی پەیكەرێكی كەلە سەری هوجام بگرێتە ئەستۆی و بەگرنگی دەزانێ رێز لە خەبات و قوربانیدانی ئەو پێشمەرگەیە بگیردرێت.
ماڵباتی هوجام كوڕەكەیان لەدەست چووە، ئێستا چاویان لە هێنانەوەی تەرمەكەیەتی. همین قرو كە دایكیەتی گوتی: "تەرمی كوڕەكەمان دەوێ زۆر سۆراغمان كردووە، بەڵام نازانین داعش لەكوێ هوجامیان شەهید كردووە، ئەگەر لەهەركوێ بێ ئامادەین تەرمەكەی وەربگرینەوە".
news_share_descriptionsubscription_contact

