مەخموور
شەوی رابردوو لە چەند قۆڵێکەوە داعش ھێرشی کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە گوندەکانی جاروڵڵا و بەرزاییەکانی سوڵتان عەبدوڵڵا و تەلەرێم بەڵام شکستیان ھێناوە و نەیانتوانیوە ھیچ پێشڕەوییەک بکەن.
چەکدارانی داعش شەوی رابردوو توانیبوویان ساتورەکانی پێشمەرگە تێپەڕێنن و بە نیازی بوون گوندەکانی جاروڵڵا و تەلەرێم و تەلشەعیر بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان.
لە پێکدادانەکانی نێوان چەكدارانی داعش و پێشمەرگەی كوردستان شەوی رابردوو، چەند تەرمێکی داعش بە جێ مابوو و بەپێی زانیارییەکانی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی شەڕ بە ھۆی ئەوەی چەکدارانی داعش زیاتر لە ١٠٠ کەس بوون، توانیویانە زۆربەی تەرمەکانی خۆیان بۆ پاشەوە بگەڕێننەوە.
پێشمەرگە ئێستا زەویە كشتوكاڵییەكان و بەرزاییەكانی ئەو ناوچەیە دەپشكنێ.
فەرماندەی پێشمەرگە لیوا زریان شێخ وەسانی لە میحوەری مەخموور- گوێر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "شەوی رابردوو لە میحوەری مەخموور لە چەند لایەکەوە داعش ھێرشی کردووە و ھەموو ھێرشەکانیان تێکشکاون و خۆشبەختانە توانیمان بە زیانێکی زۆر کەم، گورزێکی سەخت لە داعش بدەین".
زریان شێخ وەسانی ئاشکرای کردەوە کە داعش زیاتر لە ٤٠ کوژراوی ھەیە و ژمارەیەک لە تەرمەکانیشان کەوتوونەتە دەست پێشمەرگە و ھەندێکیشیان چەک و جلوبەرگەکانی خویان بەجێ ھێشتبوو و رایان کردووە. لە ھەمان کاتدا سەبارەت بە زیانەکانی پێشمەرگەی کوردستان ئەو فەرماندەیەی دەڵێ "یەک شەھید و پێنج بریندارمان ھەبووە".
ئەفسەری پێشمەرگە لەو مێحوەرە سوبحی باکرمانی لە بارەی زیاد بوونی ھێرشەکانی داعش بۆ سەر ئەو میحوەرە گوتی "بەھۆی ئەوەی ئەو ناوچەیە شوێنکی ستراتیژییە بە نیسبەت مەخموور کە رێگای سەرەکی ھەیە بۆ ھەولێر و ھەروەھا لە روویەکی دیکەشەوە نزیکە لە مووسل و ئەوان زیاترین مەترسیان لە سەر ئەوەیە کە پێشمەرگەکانی کوردستان پردی گەیارە وەربگرنەوە کە ئێستا ئێمە تەنیا ١٧ کیلۆمەتر لێی دوورین".