Zana Natık Kerem
23 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
سوپای عێراق راگەیاند كە لە میانی ئۆپەراسیۆنێكی هێزەكانی سەربە دەزگای هەواڵگریی سەربازیی، بەرپرسی شانە نووستووەكانی داعش لە سنووری قەزای مەخموور باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا دەستگیركراوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لە بەردەوامی هەوڵەكانی دەزگای هەواڵگریی بۆ راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش، هێزێكی سەربە هەواڵگریی سەربازی لە فیرقەی 14 و هێزێكی فەوجی هەواڵگریی، هەروەها هێزێكی فەوجی دوو لە لیوای 51ی پیادە ، یەكێك لە مەترسیدارترین تیرۆریستەكانی داعشیان لە ناحیەی قەراج سەربە قەزای مەخموور باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا، دەستگیركردووە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەیشدراوە ئەو تیرۆریستەی كە دەستگیركراوە، بەرپرسی شانەی نووستووەكانی داعش بووە لە سنووری قەزای مەخموور کە كوڕێكی لە میانی ئۆپەراسیۆنەكانی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكان كوژراوە و برایەكیشی بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی تیرۆریستییەوە سزای 25 ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپنێنراوە.
ئەوەیش خراوەتەڕوو، تیرۆریستە دەستگیركراوەکە یەكێك بووە لەو تیرۆریستانەی كە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر لەلایەن دادگاوە داواكرابوو و فەرمانی دەستگیركردنیشی بۆ دەركرابوو.