Heman Hussein Yaseen
22 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2020
ھەولێر - AA
بە بڕیارێکی دادگای تاوانی دووی ھەولێر، دوو لە تۆمەتبارانی دۆسیەی تیرۆرکردنی دیپلۆماتکاری تورکیا عوسمان کۆسە، دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەیان کە یەک ساڵ بووە، ئازاد کران.
ھەر یەک لە سدقی کەریم خان مەحموود برادۆستی و ئەیوب ئیبراھیم مەلا بە بڕیاری دادگای ھەولێر دوای تەواوکردنی سزاکەیان، ئازاد کران.
لەم بارەیەوە فاخیر سمکۆ خورشید، پارێزەری سدقی کەریم خان بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "لەبارەی رووداوەکەی رێستۆرانتی ھۆققەباز لە ھەولێر و کوشتنی دیپلۆماتکارێکی کۆنسوڵخانەی تورکیا، ھێزەئەمنییەکان شەش کەسیان بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە رووداوەکەوە دەستگیر کرد کە دووانیان بڕیاری لەسێدارەدان و ئەوانی دیکە بە تۆمەتی داڵدەدانی بکوژەکان، بڕیاری بەندکردنیان بۆ دەرچوو".
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، چوار لە تۆمەتبارەکان بڕیاری بەندکردنیان بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆ دەرکرابوو بەڵام دۆسیەکە لە لایەن ئەوانەوە تەمیز کراوە و دوای تەمیز کردن، سزای ھەریەک لە سدقی کەریم خان مەحموود برادۆستی و ئەیوب ئیبراھیم مەلا بۆ یەک ساڵ کەم کراوەتەوە چونکە ئەو دوو کەسە پەیوەندییان بە رووداوەکە نەبووە و ئاگاداری رووداوەکەش نەبوونە''.
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە ھەریەک لە سدقی کەریم خان مەحموود، ئەیوب ئیبراھیم مەلا بێتاوانن و ھیچ پەیوەندییەکیان بە بکوژەکان و رووداوەکەشەوە نەبووە و بۆ دادگای ھەولێر سەلمێندراوە کە لە رووداوەکەدا بێ ئاگابوون.
تۆمەتبارەکانی دیکە کە ھەریەکە لە ئیسماعیل خەلیل محەممەد، رەجەب باقی عەبدولکەریم بە تۆمەتی داڵدەدانی تۆمەتبارەکان دەستگیرکرابوون سزاکەیان وەک خۆی ماوەتەوە کە دوو ساڵ بووە
بە پێی بڕیاری دادگای ھەولێر، ھەریەک لە مەزڵووم داغ و عەبدولرەحمان ئەر، کە تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکە بوون، بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.
رۆژی ١٧ی تەمووزی ٢٠١٩ لە ئەنجامی ھێرشێکی چەکداریی بۆ سەر رێستۆرانتی ھۆققەباز لە شاری ھەولێر، کارمەندێکی کۆنسوڵخانەی تورکیا و دوو ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستان گیانییان لەدەستدا.
رۆژێک دوای رووداوەکە و لە ١٨ تەمووزی ٢٠١٩دا دهزگا ئهمنييهكانى ههرێمى كوردستان لە ئاگاداریینامەیەکدا وێنهى مهزڵووم داغ-ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە ناوبراو له لايهن دهزگا ئهمنييهكانى ههرێمى كوردستانهوه داواكراوە، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٠١٩/٧/٢٠ دژە تیرۆری کوردستان دەستگیرکردنی مەزلووم داغ-ی راگەیاند.
بەپێی ئەو دانپێدانەی کە ئەو کات لەگەڵ راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەیەوە، مەزڵووم داغ دانی بە ئەنجامدانی تاوانەکەدا نابوو.