Sarmand Hameed
22 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش، جەیمس جێفری هەماهەنگی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان و دانوستانەكانی هەولێر و بەغدای تاوتوێ كرد.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ جەیمس جێفری تاوتوێی دۆخی سووریا و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی رێكخراوی داعشی لە هەردوو وڵاتی سووریا و عێراق كردووە، هەردوولاش هاوڕابوونە لەسەر پێویستیی هەماهەنگی زیاتری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسییەكانی تیرۆر و توندڕەوی.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پڕۆژە یاسای بوودجەی ٢٠٢٠ی عێراق و رەوتی دانوستانەکانی هەولێر و بەغدا کراوە كە ئامانج لێی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و گەیشتنە بە رێككەوتنێكی گشتگیر و درێژخایەن.