عێراق

تەقینەوەیەک لە مەخموور روویدا

لێپرسراوی کۆمیتەی مەخمووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رەشاد گەڵاڵی: "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە نزیک گوندی روالە سەربە ناحیەی قەراج، بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێکەوە باوکێک و سێ کوڕی گیانیان لە دەستداوە و چارەنووسی کوڕێکی دیکەیشیان نادیارە".

Heman Hussein Yaseen  | 20.10.2020 - نوێکردنەوە : 20.10.2020
تەقینەوەیەک لە مەخموور روویدا

Arbil

هەولێر - AA

تەقینەوەیەک لە نزیک گوندی روالە سەربە ناحیەی قەراج لە قەزای مەخموور روویدا و بەهۆیەوە، باوکێک و سێ کوڕی گیانیان لەدەست دا و کوڕێکی دیکەشی بێ سەروشوێنە.

لێپرسراوی کۆمیتەی مەخمووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رەشاد گەڵاڵی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە نزیک گوندی روالە، بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێکەوە باوکێک و سێ کوڕی گیانیان لە دەستداوە و چارەنووسی کوڕێکی دیکەیشیان نادیارە".

رەشاد گەڵاڵی ئەوەیشی خستەڕوو کە گومان دەکرێت بۆمبەکە، بۆمبی سەردەمی داعش بێت و لەکاتێکدا ئەو ھاووڵاتییانە سەرقاڵی کاری خۆیان بوون پێیاندا تەقیووەتەوە، ھاوکات ھێزێکی لیوای ٥١ی سوپای عێراق لە نزیک شوێنی رووداوەکەیە و گومان دەکرێت ئەوان زوو گەیشتبنە شوێنەکە و رەنگە ئەو کەسەی چارەنووسی نادیارە لەلایەن ئەو ھێزەوە رەوانەی نەخۆشخانە کرابێت.

لێپرسراوی کۆمیتەی مەخمووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیشی خستەڕوو کە لیوای ٥١ی عێراقی لەوێ هەموو رێگاکانیان داخستووە و تەنها یەک رێگایان کردووەتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان هاتوچۆ بکەن، ئەمەش بووەتە هۆکارێک کە بەردەوام خەڵک لەو رێگایە تووشی بۆمب پیاداتەقینەوە بن، چونکە پێشتر چەکدارانی داعش لەم شوێنە بوونیان هەبووە.

رەشاد گەڵاڵی جەختیشی لەوەکردەوە کە ئەو بۆمبانە تەنها بە هاووڵاتییانی مەدەنیدا دەتەقنەوە و تا ئێستا هیچ سەربازێکی عێراقی بەرکەوتەی بۆمبەکان نەبووە و پێویستە رێگای سەرجەم گوندەکان بکرێنەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان ناچار نەبن تەنها بەیەک رێگادا هاتوچۆ بکەن و تووشی بۆمب پیاداتەقینەوە بن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın