مەخموور
سەعات هەشتی بەیانی ئەمڕۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە هەردوو میحوەری گوێڕ و مەخموور هێرشی كردە سەر سەنگەرەكانی چەكدارانی داعش و توانی چوار گوند كۆنتڕۆڵ بكاتەوە و لە پێشڕەویش بەردەوامن.
لەمبارەوە بەرپرسی میحوەری مەخمووری هێزی پێشمەرگەی كوردستان نەجات عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەعات هەشتی بەیانی ئەمڕۆ هێزەكانمان هێرشیان كردە سەر چەكدارانی داعش و توانیان لە ماوەیەكی كەمدا گوندەكانی عەلیاوە، دووگردكانی عەرەب، كوشاف و جدیدە لە دەستی تیرۆرستان دەربهێنێت و رزگاریان بكات".
نەجات عەلی لە بەردەوامی لێدوانەكەیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو هەروەها گوتی: "بوونی ژمارەیەكی زۆری بۆمبی چێنراو كە لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە دانراون ئەگەرێكە كە پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە كەمێك سست بێت، بەڵام لە هەمان كاتدا هێزی پێشمەرگە لە پێشڕەویكردن بەردەوامە و چاوەڕوان دەكرێت سەركەوتنی زیاتر لەو ناوچەیە تۆمار بكات".
شەڕ لە ئێستادا لە باكووری رۆژئاوای مەخموور بەردەوامە.
ماوەیەك بەر لە ئێستا چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر ئەو گوندانەی دەڤەری گوێڕ و مەخموور و كۆنتڕۆڵی كردبوون.