hemn husain
09 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 10 ئاب 2016
لەسەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵ لەسەر داوای سوپای عێراق، پردی گەیارە لەلایەن فڕۆکەکانی ھاوپەیمانانەوە بۆردوومان کرا و رووخا کە درێژییەکەی زیاتر لە یەک کیلۆمەتربوو، هەروەها پردێکی جووت ساید بوو، سێ هەفتە پێش ئێستاش لەلایەن وەزارەتی بەرگری عێراق پردێکی کاتی دروستکرا بۆ ئەوەی سوپای عێراق لە رێگای ئەو پردە کاتییەوە پێداویستییەکانی سەربازی بگوازێتەوە بۆ ناو گەیارە، چونکە گەیارە چەند بۆ داعش شوێنێکی گرنگ بوو، ئەوەندەیش بۆ هێزەکانی سوپای عێراق گرنگە.
ئەو ناوچەیە ئێستا سرووشت و جوانی خۆی لەدەستداوە و هەنگاوی رووباری دیجلەش شەکەتی پێوە دیارە بەهۆی تێکەڵکردنی نەوتی رەش بە ئاوی دیجلە لەلایەن داعش.
پردی گەیارە بە یەکێک لە رێگە سەرەکییەکانی چەکدارانی داعش دادەنرا بۆ پەڕینەوە لە ئاوی رووباری دیجلە بەرەو ناوچەکانی گوێڕ و مەخموور لە باشووری رۆژئاوای ھەولێر. کۆنتڕۆڵکردنەوەی گەیارە گرنگییەکی تایبەتی دەبێت لەبەر چەند ھۆکارێک، یەکەمیان دەروازەی تێپەڕبوونی ھێزەکانی سوپای عێراقە بۆ ئەو بەری رووباری دیجلە، ھەروەھا گرنگییەکی دیکەیشی بریتییە لە بوونی بنکەیەکی ئاسمانیی کە دەکرێت وەکو بنکەیەک بۆ لێدانی چەکدارانی داعش لەناو شاری مووسڵ بەکاربھێنرێت و بەپێی زانیارییەکان ئەو بنکەیە شوێنی ژمارەیەک فڕۆکەی تێدا دەبێتەوە و ئەمریکییەکانیش بەزووترین کات کار لەسەر چاککردنەوەی زیانەکانی دەکەن.
لە ئێستاشدا حکوومەتی عێراق لە رێگای ئەو پردە کاتییەی کە دروستیکردووە، چەک و پێداویستی دەگوازێتەوە بۆ گەیارە و ئەو شوێنە بووەتە هێڵی پێشەوەی سوپای عێراق و دوێنێش بۆ یەکەمجار کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سەربازی سوپای عێراق پەڕینەوە بۆ ئەو شوێنە و کەلوپەلە سەربازییەکانییان لێ جێگر کرد، ئەوەیش زەنگێکە بۆ هەنگاونان بەرەو مووسڵ.
شارەدێی گەیارە دەکەوێتە سەر رووباری دیجلە و بەیەکێک لە شارەدێیە گەورەکانی پارێزگای نەینەوا هەژمار دەکرێت کە بەپێی ئامارێکی ساڵی 2011ی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی ئەو شارەدێیە 80 هەزار کەس بووە و بەر دوو ساڵ لەلایەن داعش پەلاماردرا و بووە بنکەیەکی ستراتیجی داعش چونکە شارەدێی گەیارە رێگای شەرگات وشاری مووسڵ بەیەکەوە دەبەستێتەوە و لە ئێستاشدا بەهۆی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچەیە، ئەوا رێگای هاتوچوی گرووپە تیرۆریستییەکان پچڕاوە و بە گوتەی بەرپرسانی ئەو ناوچانەش، داعش رووی لەلاوازبوون کردووە.