کەربەلا
لەشاری کەربەلا سەدان ھەزار کەس بەشداریی دەکەن لەمەراسیمی ساڵوەگەڕی شەھیدبوونی حەزرەتی حوسێن نەوەی پێغەمبەری ئیسلام و ھاوڕێکانی لەکەربەلا.
شیعەکانی عێراق لەگەڵ دەستپێکردنی مانگی موحەڕڕەم، بەھۆی شەھیدبوونی حەزرەتی حوسێن و ھاوڕێکانی، دەست بە سازکردنی مەراسیمی ماتەمگێڕنی دەکەن. لەبەر ئەوەی مەراسیمی ماتەمینی کۆتایی لە کەربەلا دەکرێ، سەدان ھەزار کەس روویان لەو شارە کرد.
لە سەعاتەکانی بەرەبەیان لەناوخۆی عێراق و لە دەرەوە خەڵک بەرەو کەربەلا دەکەوێتە رێ، دوای تێپەڕبوونیان بە دەیان خاڵی پشکنین و رێوشوێنێکی توندی ئەمنی، دەگەنە مەڵبەندی ئەو شارە. ئەو کەسانەی دوای تێپەڕبوونیان بە خاڵەکانی پشکنین لە کەربەلا، سەردانی ئەو مزگەوتە دەکەن کە گۆڕی حەزرەتی حوسێن و حەزرەتی عەباسی لێیە.
شیعەکان لەو مزگەوتە نوێژ دەکەن و نزا دەکەن، لەگەڵ دەستپێکردنی مەراسیم لە کوچە و کۆڵانەکانی کەربەلا، بە دەنگی بەرز دەڵێنەوە" یا حوسێن" " یا مەزڵوم" " یا زەینەب " " ھەموو رۆژێک عاشورایە، ھەموو شوێنێک کەربەلایە" لەبەیکە یا حوسێن"، " لەبەیکە یا حوسێن". بەھێز ھەردوو دەست لە سینگیان دەدەن و بە سروود و نزاکانیان دەچنە سەر شوێنەکانیان.
ئەو مەراسیمەی دوێنی شەو سەعات شەشی ئێوارە دەستی پێکرد، ھێشتا بەردەوامە. لە کۆڵانەکانی کەربەلا، بەتایبەتی ئەو شوێنە ئایینیانەی کە گۆڕی حەزرەتی حوسێن و حەزرەتی عەباسی لێیە ھێجگار قەرەباڵخە.
بەشداران لەلایەک دەچنە سەردانی شوێنە ئایینیەکان و لەلایەکی دیکە دەچنە ئەو شوێنانەی لە رابردوو رووداوەکانی لێقەوماوە، یان سەیری مەڕاسیەمەکە دەکات یان بەخۆی بەشداری مەراسیمەکە دەکا.
ھەندێک لە ئامادەبووان لە چوارچێوەی مەراسیمی یادکردنەوە، بەشداریی ئەو چالاکییە دەکەن ناوی " تەدبیر" ی لێدەنێن و لە رۆژی عاشورا کە رۆژی شەھیدبوونی حەزرەتی حوسێنە بە زنجیر لە خۆیان دەدەن.
بە گوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی مزگەوتی حەزرەتی حوسێن، دوو ملیۆن کەس رووی لە کەربەلا کردووە. ئەوانە ھەموویان عێراقی نین، لە پاکستان، ھیندستان، ئێران، یەمەن، ئوردن، لوبنان و شیعەکانی چەندین وڵاتی دیکە بەم بۆنەیەوە گەیشتوونەتە کەربەلا.
"مەراسیمی ماتەمینی" کەربەلا ئەمڕۆ لەدەوای نێوەڕۆ بە یادکردنەوەی رووداوە مێژوویەکان کۆتایی پێدێ.