ھەولێر
شیعەکانی ھەولێر داوا دەکەن مۆڵەتی دروستکردنی حوسەینییەیان لەسەر ئەو زەوییە بۆ تەرخانبکرێ کە حکومەت چەند ساڵێکە پێیداون.
شەوی چوارشەممە سەدان کەس لەپەیڕەوانی مەزھەبی شیعە لە ھەولێر، مەراسیمی شەھیدکردنی ئیمام حوسێنیان زیندوو کردەوە، بێجگە لە گوتاردان و نزاو و پاڕانەوە، شیوەن و سنەزەنیان ئەنجامدا، ژمارەیەک خێرخوازیش خواردنیان بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرد.
عەلی جەعفەر، گەنجێکی تەمەن ٢٤ ساڵان بوو بەوپەڕی ھێزەوە دەستی بەرزدەکردەوە و بە سنگیدا دەکێشا، بە تەواو رۆچووبووە نێو یادەکە و داخی ئیمام حوسێنی لەدڵا بوو، عەلی بۆ AA گوتی: "ئەمڕۆ یادێکی زۆر گەورەیە لە دڵی شیعەکانی جیھان و عێراق بەتایبەت، بۆ ئەو یادە ھەرچەند لەخۆم بدەم و ھەرچییەکم لێبێ باکم نییە."
عەلی نموونەی ئەو دەیان گەنجە بوو کە لەگەڵ لاواندنەوە و دەنگدانەوەی سروودی نێو ھۆڵەکە، زیاتر دەخرۆشان بۆ بەخۆداکێشانی بەھێزتر.
عاشوورا رۆژی دەیەمی مانگی موحەڕەمە لە ساڵنامەی کۆچی، لەو رۆژەدا لە ساڵی ٦١ی کۆچی، ئیمام حوسێنی کوڕی عەلی ئەبو تاڵب پاش سێ رۆژ گەمارۆدان لەگەڵ ھاوەڵ و چەند کەسێکی بنەماڵەکەی لەلایەن سوپای یەزیدی کوڕی معاویە، شەھید دەکرێ. رووداوەکە لەلای پەیڕەوانی مەزھەبی شیعە ھەموو ساڵێ بەرز رادەگیرێ و لە چەندین وڵاتیش پشووی فەرمییە.
شێخ بەشیر عادل تەھا، نوێنەری عەمار حەکیم سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە ھەولێر گوتی: "مەراسیمی عاشورا تەنیا ھی شیعەکان نییە، بەڵکو ئیمامی حوسێن پەیوەستبووە بە پێغەمەبەر و ئەویش بۆ ھەموو جیھانە"..
لە لێدوانێکدا بۆAA گوتی: "لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆ ئیمامی حوسێن لەگەڵ ٧٢ کەس لە بنەماڵە و باشترین کەسی دی لە لایەن ئەو کەسانەی کە خۆیان بە ئیسلامی زانیوە شەھیدکران و سەربڕان و شار بە شار سوڕاندنیانەوە و ئیھانەیان پێکردن، ئێمەش یادی ئەو رۆژە بەخەمبارییەوە دەکەینەوە."
شێخ بەشیر کە بە خرۆشەوە باسی لەخۆشەویستیی خەڵکی ھەرێم بۆ ئەھلولبەیت و ئیمامی حوسێن بەتایبەت دەکرد، دەیگوت چەند ساڵێکی کەمە خەڵک بە فیتی چەند مەلایەک ئەو خواردنە ناخۆن کە شیعەکان دابەشی دەکەن و بەحەرامی دەزانن.
ئەمساڵ مەراسیمی شەھیدکردنی ئیمامی حوسێن لە ھەولێر لە ھۆڵێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عەمرە بەڕێوەچوو، بەرتەسکیی شوێنەکە یەکێک بوو لە کێشە سەرەکییەکانی مەراسیمەکە.
بەپێی زانیارییەکان چەند ساڵێک دەبێ حکومەتی ھەرێم زەوییەکی زیاتر لە ١٠٠٠ مەتری بۆ دروستکردنی حوسەینیەیەک بۆ شیعەکانی ھەولێر تەرخانکردووە، بەڵام ھێشتا نەکراوەتەوە بە بینا.
شێخ بەشیر ھۆکاری دروستنەکردنی ئەو حوسەینییەی بۆ ھەندێک لە پیاوانی ئاینیی سوننە مەزھەبی کورد گەڕاندەوە کە رێگرن لەبەردەم دروستکردنی، گوتی: "بەداخەوە چەند مەلایەک بەناوی ئاین و ئیسلامەوە چوون لە وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتی زانایان و پارێزگاری ھەولێر داوایان کردووە رێگری لەدروستکردنی ئەو حوسەینییە بکرێ، لەکاتێکدا کڵێسا و پەرستگە بۆ مەسیحی و یەزیدییەکان بێ کێشە دروست دەکرێ."
شێخ بەشیر کە دەیگوت لە ھەولێٍر زیاتر لە دوو ھەزار شیعە دەژیین رووی دەمی کردە سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و داوای کرد چیتر دروستکردنی حوسەینیەکەیان رانەگیرێت.