Zana Natık Kerem
11 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 13 ئاب 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە پارێزگای کەربەلا و سەردانی ماڵی سەرۆکی شارەوانی کەربەلا، عەبیر سەلیم خەفاجی کرد کە دوێنێ سێشەممە لە میانی ھەڵمەتی لابردنی زێدڕۆییەکان لە شارەکە، تەقەی لێ کرا و کوژرا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرنی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، مستەفا کازمی سەردانی پارێزگای کەربەلای کردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە میانی سەردانەکەی بۆ پارێزگای کەربەلا سەردانی ماڵی سەرۆکی شارەوانی کەربەلا، عەبیر سەلیم خەفاجی کردووە کە دوێنێ سێشەممە لە میانی ھەڵمەتی لابردنی زێدڕۆییەکان لە شارەکە، تەقەی لێ کرا و کوژرا.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، بکوژی سەرۆکی شارەوانی کەربەلا لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.
لە راگەیەنراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەیش خراوەتەڕوو کە مستەفا کازمی، ھەروەھا پرسە و سەرەخۆشی خۆی بە کەسوکاری سەرۆکی شارەوانی کەربەلا راگەیاندووە و بەڵێنی پێداون کە بکوژەکە سزای دادپەروەرانەی خۆی وەردەگرێت.
ئاماژە بەوەیشدراوە کە دواتر سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی سەردانی شوێنی کوژرانی عەبیر سەلیم خەفاجی کردووە و بڕیاری دا شەقامێک بەناوی ناوبراوەوە بکرێت و رایگەیاند کە ھەوڵەکانی حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی یاسا لە ھەموو پارێزگاکاندا بەردەوام دەبێت و گوتی: "ھەڵمەتی لابردنی زێدەڕۆییەکان بەردەوام دەبێت و کاریش بۆ جێبەجێکردنی یاسا دەکرێت".
لە راگەیەنراوەکە باس لەوەشکراوە کە ھێز ئەمنییەکان بکوژەکەی سەرۆکی شارەوانی کەربەلایان، بردووەتە شوێنی رووداوەکە و بەردەم مستەفا کازمی.
لەوبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، پێویستە دادگا رۆڵی خۆی لە سزادانی بکوژەکە بگێڕێت تاوەکو ببێتە وانەیەک بۆ کەسانی دیکە و ھەموو ئەوانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر فەرمانبەران لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکی خۆیاندا.
دوێنێ سێشەممە، سەرۆکی شارەوانی کەربەلا، عەبیر سەلیم ناسر لە میانی سەرپەرشتیکردنی ھەڵمەتی لابردن زێدەڕۆییەکان لە ناوچەی معمەلچی ناوەڕاستی شاری کەربەلا تەقەی لێکراو کوژرا و دوای رووداوەکەیش بکوژەکە ھەڵاتبوو، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.