Sarmand Hameed
22 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2020
بەغدا - AA
حکوومەتی عێراق داخستنی دوایین کەمپی نیشتەجێێ ئاوارەکانی لە پارێزگای کەربەلا باشووری وڵات راگەیاند، دوای ئەوەی ٥٦٠ ئاوارەی نیشتەجێی کەمپەکە گەڕانەوە سەر زێدی خۆیان.
لە هاوینی ٢٠١٤، هەزار هاووڵاتیی لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک و سەڵاحەددین بەهۆی هێرشی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ ناوچەکانیان، ئاوارەبوون و بەشێکیان روویان لە پارێزگای کەربەلا کرد.
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوایین کەمپی نیشتەجێێ ئاوارەکانی لە پارێزگای کەربەلا باشووری وڵات داخرا، دوای ئەوەی ٥٦٠ ئاوارەی نیشتەجێی کەمپەکە گەڕانەوە سەر زێدی خۆیان لە پارێزگای نەینەوا.
ئیڤان فایەق روونیکردووەتەوە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەرنامەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانە بۆ ناوچە ئارامەکان کە وەزارەتەکەیان رێکیخستووە.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، حکوومەتی عێراق کەمپێکی دیکەی ئاوارەکانی لە رۆژئاوای بەغدا دواخست دوای گەڕانەوەی ٨٦٠ کەس لە نیشتەجێبووەکانی کەمپەکە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە رۆژئاوای وڵات.
تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی ژمارەی کەمپەکان لە پارێزگاکانی عێراق نییە، بەڵام بەپێی داتاکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە ئێستادا ٥٩ هەزار ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین، بەغدا، ئەنبار و دیالەدا ماون.
لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان توانای گەڕانەوەیان بۆسەر زێدی خۆیان نییە بەهۆی ئەوەی لە میانی شەڕی دژ بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش خانووەکانیان رووخاوە، هەروەها نەبوونی ژێرخانی سەرەکی پێویست و ناسەقامگیری رەوشی ئەمنی لە هۆکارەکانی دیکەی نەگەڕانەوەی ئاوارەکانن بۆ زێدی خۆیان.