Zana Natık Kerem
01 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
گوتەبێژی حكوومەتی عێراق، ئەحمەد موللا تەڵال رایگەیاند کە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رەزامەندی لەسەر ئەوە نیشانداوە، هەزار و 500 هاووڵاتیی بیانیی بۆ بەشداریكردن لە رێوەرسمی چلەی ئیمام حوسێن، سەردانی عێراق بكەن.
ئەحمەد موللا تەڵال لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوویەتی "مستەفا كازمی رەزامەندی لەسەر ئەوە نیشانداوە هەزار 500 هاووڵاتیی هەر وڵاتێك كە دەیانەوێت بەشداری لە رێوەرسمی چلەی ئیمام حوسێن، سەردانی عێراق بكەن".
راشیگەیاندووە "هاتنی ئەو زیارەتكارانەی وڵاتانی دیكە بۆ عێراق لەڕێگەی فڕۆكەخانەوە دەبێت و جگە لەوەیش دەبێت هەر وڵاتێك، هاووڵاتییانی پابەند بكات بە گرتنەبەری رێوشوێنەكانی خۆپارێزیی و تەندروستی لە كاتی هاتنیان بۆ عێراق".
پێشتر راگەیەندرابوو كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)وە، رێگە بە هاووڵاتیی هیچ وڵاتێك نادرێت بۆ بەشداریكردن لە رێوەرسمی چلەی ئیمام حوسێن سەردانی عێراق بكەن.