ھەولێر
رۆژی یەک شەممە ئەنجومەنی ئاشایشی ھەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نوسراوە: "رۆژانی رابردوو دەزگای پاراستنی ئاسایشی ھەرێم بە ھاوکاری ھێزەکانی ئاسایش توانیان دوو تیرۆریستی سەر بە گروپی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام دەستگیر بکەن کە بە نیازبوون بارەگای ئاسایشی ئاکرێ بتەقێننەوە."
بەپێی بەیاننامەکەی ئاسایش کە کۆپیەکی دراوەتە AA، تیرۆریستی یەکەمیان خۆکوژێکی بە رەگەز عەرەبی سوری بووە بە ناوی (قەتیە ئەحمەد قاسم) ناسراو بە (ئەبو قەتادە ئەلموسلیم) لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٦ نیشتەجێی (حەی سوکەر)ە لە شاری حەلەبی سوریا.
بەپێی زانیاریەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ، ئەبو قەتادە لەلایەن گروپی تیرۆریستی (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام) راھێنانی پێکراوە. لەگەڵ نۆ تیرۆریستی دیکە رەوانەی عێراق کراون. پاش مانەوەی مانگێک لە موسڵ، بە رێگەی چەند تیرۆریستێکی دیکە ئامادەکراوە تا لە بارەگای ئاسایشی قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دھۆک بە پشتێنی بۆمبرێژکراو خۆی بتەقێنێتەوە، بەڵام دوای ئەوەی بە ھاوکاری تیرۆریستی دووەم دێنە سنوری شاری ئاکرێ، لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشەوە، تیرۆریستە خۆکوژەکە کە پشتێنەیەکی بۆمبرێژکراوی لە خۆی بەستبوو، دەستگیردەکرێت.
پاش دەستگیرکردنی ئەو کەسە وەک لە زانیاریەکانی ئاسایشدا ھاتووە. لە چالاکیەکی تایبەت ئاسایش توانیویەتی تیرۆریستی دووەم کە ناوی (میقداد عەبدولقادر ناسر) ناسراوە بە (ئەبو عەبد) لە دایکبوی (١٩٦٧)ی شاری موسڵ، دەستگیر بکات و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
ئاشکراکردنی ئەو کەسانە لەکاتێکدایە کە رۆژی ٢٩ی ئەیلولی ئەمساڵ چەند خۆکوژێک بە پشتێنەی بۆمبرێژکرا ھێرشیان کردە سەر بارەگەی ئاسایشی ھەولێر و لە ئاکامدا ٧ کارمەندی ئاسایش گیانیان لە دەستدا و ٧٢ کەسیش لە کارمەندانی ئاسایش و پۆلیس و تەندروستی و ھێزەکانی بەرگری شارستانی بریندار بوون.