Azad Muhammed
13 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 14 ئەیلوول 2017
جەماوەرى هەریەکە لە قەزاکانى ئاکرێ و بەردەڕەش لەژێر دروشمى بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان کەرنەڤاڵێکیان بۆ پشتگیرى ریفراندۆمى هەرێم ئەنجام دا، لە میانى کەرنەڤاڵەکە سەرۆکى هەرێمى کوردستان وتارێکى لەبارەى ریفراندۆم و دوایین پێشهاتەکان پێشکەش کرد.
سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانی گوتی: "بابەتى گەرمى ئەمڕۆ بۆ ئێمە بابەتى ریفراندۆمە، هەر کەسێک بێت بپرسێت بۆچى بڕیارى ریفراندۆمتان دا، پێش هەموو شتێک بڕیارى ریفراندۆم بڕیارى تاکە کەسێک، یان تاکە حزب و دوو حیزب و سێ حیزب نییە، بەڵکو بڕیارى گەلى کوردستانە لە رێگەى نوێنەرەکانیان کە هەموو حزبە کوردستانى و نەتەوەیی و ئایینى لە کۆبوونەوەکە بەشدار بوون، بڕیارێکى بوێر و مێژوویی بوو".
بارزانى باسی لە هۆکارى بڕیارى ئەنجامدانى ریفراندۆم کرد و گوتى: "ئەگەر پرسیار بکرێت بۆ بڕیار درا ریفراندۆم ئەنجام بدەین، چونکە هەموو رێگەیەک تاقیکرایەوە و هیچ سوودى نەبوو، لامەرکەزییەت تاقیکرایەوە شکستیهێنا. ئۆتۆنۆمى تاقیکرایەوە شکستیهێنا، دواى ساڵى ٢٠٠٣ هەموو هێز و لایەنەکانى سیاسى هەرێمى کوردستان بە هەوڵێکیان بۆ ئەوەى عێراقێکى فیدڕاڵ و دیموکراسى و عێراقێکى تازە بنیات بنێین، دیسان سوودى نەبوو".
گوتیشى : "من نامەوێت بگەڕێمەوە بۆ مێژووی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە دوای جەنگی جیهانی یەكەم لەسەر بنەمای شەراكەت لە نێوان كورد و عەرەب و هەموو پێكهاتەكانی تر دامەزرا، ئێوە باش دەزانن بەشی ئێمە لەم شەراكەتە، ئەنفال، کیمیاباران، كۆمەڵکوژی، ماڵ وێرانی و وێرانكردنی كوردستان بوو".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتیشی: "لە دوای ساڵی 2003، پێمان وابوو ئەمە دەرفەتێكی نوێییە لە عێراقێكی نوێ هاتووەتە دامەزراندن، رۆژ بە رۆژ بۆمان دەردەكەوێت كە عەقیلەتی تازەش، هەمان ئەو عەقلیەتەیە كە شەراكەتی قبووڵ نەكرد".
مەسعود بارزانی هەروەها گوتی : "كاتی ئەوە هاتووە، گەلی كوردستان بڵێت ئیتر بەسە، جەزائیر یان لۆزان یان سایكس پیكۆ بێت چارەنووسی ئێمە دیاری بكات، كاتی ئەوە هاتووە گەلی كوردستان بڕیاری خۆی بدات و دەبێت خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بكات".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "دوای ئەو هەموو شەهید و ماڵ وێرانییە، دوای ئەو هەموو ئێش و ئازارە كە ئەم میللەتە كێشاویەتی، هێشتا هەندێك خەڵك هەیە پێمان رەوا نابینێت بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆمان بدەین، زۆر سەیرە دۆستانمان لە دەرەوە و خەڵکى دیکەش دەڵێن کاتى ریفراندۆم نییە، بەڕاستى ئەمە پرسیارێکى گەورە دروست دەکات، کەى کاتییەتى؟ ئەوە ئێمە ماوەى سەد ساڵە چاوەڕێین، وا دیارە لە فەرهەنگى ئەو وڵـاتانەدا رۆژی بڕیارى گەلى کوردستان نییە".
بارزانى ئەوەشى گوت: "وەڵاممان بۆ هەموو ئەو وڵاتانەوە ئەوە بوو کە ئایا بەدیلى ریفراندۆم چییە؟ بەڵکو بەدیلێکى وا نییە کە خەڵکى هەرێمى کوردستان بگەیەنێتە باوەڕ، ئەگەر بەدیلێکیان هێنابا کە هەمان ئامانج بێنێتە دى، چونکە ریفراندۆم ئامانج نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان، ئەگەر رێگەیەکى کورتریان هەبووایە بۆ سەربەخۆیی، ئێمە ریفراندۆممان نەدەکرد، بەڵام هیچ بەدیلێکیان نەبوو".
بارزانى لە جەماوەرى ئاکرێ و بەردەڕەشى روانى و پێى گوتن پێویست ناکات بە ئێوە بڵێم دەنگ بە بەڵێ بدەن، بەڵام بۆ بیرهێنانەوە دەنگى ئێوە رۆحى شەهیدان شاد دەکات. دەنگى ئێوە کۆتایی بە ئەنفاڵ و کیمیاباران کردن دەهێنێت.
سەرۆکى هەرێمى کوردستان گوتیشى: "دواى ئەنجامدانى ریفراندۆم دەرگاى گفتوگۆى دۆستانە لەگەڵ بەغدا دەکەینەوە، بۆ ئەوەى بگەینە رێککەوتنێکى رێک و پێک لەسەر کەیسى نەوت، گاز، ئاو و سنوور".
بارزانی گوتیشی: "زۆر کەس مەترسى ئەوە دەدەن کە ریفراندۆم دەبێتە هۆى کێشە، بەڵام ئێمە لە قۆناغێکداین ئەگەر گۆڕانکارى لەو پەیوەندییانەى نێوان بەغدا و هەولێر نەکرێت، مەترسى گەورە ئەوەیە".
بارزانى دووپاتى کردەوە کە ئەنجامدانى ریفراندۆم هیچ کاریگەرى نەرێنى لەسەر شەڕى دژى تیرۆریستانى داعش نابێت، بەڵکو بە هەمان هەڵوێستەوە دژى داعش بەردەوام دەبین.
هەرەوەها رووى قسەکانى کردە ئەوانەى کە دژى ریفراندۆم هەڕەشە دەکەن و بە بێ بەها وەسفى کردن و گوتى: "کەسانێک کە برسى بوون و ئێستا تێرن گەف و گوڕ دەکەن، بەڵام هەم خۆیان هەمیش هەڕەشەکانیان بێ بەهان".
ئەوەیشى گوت: "ئێمە ئەزموونێکى تاڵـمان هەیە، هیچ کەس حەز ناکات دۆخەکە تێک بچێت، دەستکەوتى زۆرمان بە خوێنى خۆمان بە دەست هێناوە، من هیچ گومانم نیە دەیانەوێت ئەو دەستکەوتانە تێک بدەن.
لە کۆتاییدا سەرۆکى هەرێمى کوردستان داواى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کرد کە بە بڕیارەکانى خۆیدا بچێتەوە، گوتى: " ئیرادەى گەلى کوردستان بە بڕیارى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ناشکێت، ئەگەر ئێمە برا بوواین و شەراکەتى راستەقینە هەبووایە نەدەگەیشتین بەو رۆژە، بەڵام ئەوان کە شەراکەتى راستەقینە نەبوون و دەبێت گلەیی لە خۆیان بکەن".
مەسعود بارزانى گلەیی لە بڕیارەکانى زۆرینەى سیاسى حکوومەتى عێراق کرد و گوتى: "زۆرینەى سیاسى ئەوەیە کە دە ساڵە کە یاسایەک پێویست بۆ پێشمەرگە دەربچێت، کە لە دەستووردا پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمى بەرگرى عێراق، هەموو هینان و بردنێکیان کرد، کەچى لە دوو کاتژمێردا حەشدى شەعبییان بە یاسایی کرد، دوێنێ بە ناوى زۆرینەى سیاسى لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەیانەوێت بڕیار لەسەر ئێمە بسەپێنین".