هونەر و كلتوور, ژيان

ئاکرێ.. هەزار مەشخەڵ بۆ کردنەوەى ئاگرى نەورۆز

- مەشخەڵ، سروشت و هەڵکەوتەى جوگرافى قەزاى ئاکرێ-ى سەربە پارێزگاى دهۆک، کۆدى سەرنجڕاکێشانى گەشتیارانى ناوخۆیی و بیانیین و هەر ئەمەش وایکردووە شارەکە ببێتە خاوەن ناسناوى جوانترین نەورۆز.

Azad Mohammed Abdullah  | 18.03.2019 - نوێکردنەوە : 23.03.2019
ئاکرێ.. هەزار مەشخەڵ بۆ کردنەوەى ئاگرى نەورۆز

Dahuk

ئاکرێ - AA

نزیکەى دوو مانگ دەبێت حەوت گرووپى قەزاى ئاکرێ کە لە گەنجە خۆبەخشەکانى سنوورەکە پێکدێن، مەشخەڵ دروست دەکەن بۆ کردنەوەى ئاگرى نەورۆز، تا ئێستا زیاتر لە هەزار مەشخەڵیان دروستکردووە.

گەنجە خۆبەخشەکانى ئاکرێ کە لە شارەکە بە "نەورۆزڤان" ناودەبرێن، هێندە بە دڵسۆزى و خۆشەویستییەوە ئامادەکارى بۆ نەورۆز دەکەن وەک بڵێى ئەرکێک بە بەجێدەگەیەنن نەک کارێکى خۆبەخشانە دەکەن، ماوەى دوو مانگ رۆژانە سەرقاڵى دروستکردنى مەشخەڵ دەبن، هەر مەشخەڵێک قەدێک دار کە درێژییەکەى زیاتر لە مەترێک و گۆنییەیەک و بەستەرێکى پێویستە.

لە ٢٠ ئاداردا کە رۆژى هەڵکردنى ئاگرى نەورۆزە لە هەرێمى کوردستان لە بەیانی زووەوە مەشخەڵەکان لەنێو نەوتی سپى (گیرۆسین) دەنێن بۆ ماوەى زیاتر لە هەشت کاتژمێر، لەگەڵ ئاوابوونى خۆر زیاتر لە هەزار گەنجى خۆبەخش بەسەر چەند گرووپێکى جیا جیا دابەش دەبن و هەر گەنجێک مەشخەڵێک دادەگیرسێنێ بۆ لووتکەى چیاى کەلێ کە بەرزترین شوێنى سنوورى قەزاى ئاکرێ-یە، سەردەکەون.

بوونى ژمارەیەکى زۆرى مەشخەڵ بەدەست گەنجانەوە لە قەدپاڵى چیاکانى ئاکرێ ساڵانە گەشتیاران لەناوخۆی هەرێمى کوردستان و وڵاتان کێش دەکات.

وەرزشوانێکى چوست و چالاک مەرجى بەشداربوونى ئەو گەنجانەیە کە دەیانەوێت لە رێوەڕەسمى گواستنەوەى مەشخەڵەکانى ئاگر بۆ لووتکەى چیاکانى ئاکرێ بەشدار بن.

بەڕێوەبەرایەتى رۆشنبیرى و هونەرى ئاکرێ بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو دەڵێت "رێوەڕەسمى نەورۆزى ئەمساڵدا بە لادانى پەردە لەسەر پەیکەرى نەورۆز لە دەروازەى شار دەست پێ دەکات و جیاواز لە ساڵانى رابردوو هیچ هونەرمەندێک لە ئاهەنگە بەشدار نابێت، بەڵکو سەرجەم کارەکان بۆ پاراستى گیانى هاووڵاتییان و بەجێگەیاندنى رێوەڕەسمەکانى کردنەوەى ئاگرى نەورۆز دەبێت".

قەزاى ئاکرێ قەزایەکى هەرێمى کوردستانە و سەربە پارێزگاى دهۆکە و شارەکە لە نێوان چیاکانى کەلێ، کەلاکەڤنێ و تیشێ-دایە، خانووەکانی لەسەر یەک بەداوێنی شاخەکاندا ھەڵچوون. ئەمە دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی بە شارەکە بەخشیوە و ئەم شارە لە سالی ١٨٧٧ بوو بە قەزا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın