سياسەت, هونەر و كلتوور

نێچیرڤان بارزانی جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکات

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکات.

Heman Hussein Yaseen Yaseen  | 20.03.2019 - نوێکردنەوە : 21.03.2019
نێچیرڤان بارزانی جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکات

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکات و هیوای خواستووە کە خۆشی و شادی بەسەر ناخی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندا بێت و راشیدەگەیەنێت کە باری ئابووری باش دەبێتەوە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی: 

بەبۆنەی گەڕانەوەی سەری ساڵی تازەی کوردی و جەژنی نەورۆزەوە، جوانترین پیرۆزبایی لە سەرجەم گەلی کوردستان دەکەم. پیرۆزباییتان لێدەکەم بەبۆنەی تەواوبوونی وەرزی سەرما و دەستپێکردنی بەھاری رەنگین، لەم رۆژەدا کوردستان بە چیاو دۆڵ و دەشتەوە سەوزایی دایدەپۆشێت و روو لە ھەر شوێنێک دەکەیت سرووشت بەدەم مرۆڤەوە پێدەکەنێت.

ھیوادارم گەشی و خۆشی بەسەر ناخی یەک بەیەکی ھاووڵاتیانی کوردستانیشدا بێت، بەسەر دۆزە سیاسییەکەمان و باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و ھەموو رووێکی دیکەی ژیانی ئێوەی خۆشەویستدا رەنگبداتەوە.

ئێوەی خۆشەویست دڵنیابن کەوا پشوودرێژی و بەرگەگرتن و نەرمونیانی، تاکە رێگەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان، کوردستان لەو ماوەیەدا جارێکی دیکە روودەکاتە خێر و خۆشی، باری ئابووری وا باش دەبێتەوە، ھەموو ئەم پرسانە لە کاتێکی نزیکی داھاتوودا بەدرێژی باسی دەکەین، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لەم بۆنە خۆشەی نەورۆزدا باسی دەکەم، کولتووری پێکەوەژیان و لێبووردەیی و تەبایی و خۆشەویستی و ھەوڵی خاوکردنەوەی دەمارگرژییە، کە نەورۆز لە بنەڕەتەوە خاوەن و ھەڵگری ئەو کولتوورەیە.

خۆتان دەزانن وەک لێکەوتەیەکی ئاسایی بۆ ھەموو دۆخێکی نالەباری مێژوویی کۆمەڵێک بەرئەنجامی ناشیرین و نەرێنی سەرھەڵدەدەن، ھەموومان بینیمان کوردستان بە کۆمەڵێک تەنگەژەدا تێپەڕی، وەک شەڕی داعش و ئاوارەبوونی سەتان ھەزار خەڵک بۆ ھەرێمی کوردستان، کەمبوونەوەی داھات و خراپبوونی باری ئابووری بەھۆی بڕینی بوودجە و مووچەی ھەرێمی کوردستان و دابەزینی نرخی نەوت، کە ھەر یەک لەمانە بەشێوەی جۆراوجۆر کاری کردە سەر ژیانی خەڵک و بەتایبەتی لەڕووی دارایی و دەروونییەوە کاریگەری خراپیان جێھێشتووە.

رۆژانە دەبینین و دەبیستین جۆرێک گرژی و تووندی لە ھەڵسوکەوتی ھەندێک خەڵکدا بەھۆی شەڕی داعش و تەنگەژەی ئابوورییەوە سەریان ھەڵداوە، مەرجیش نییە تووندوتیژی تەنیا بریتیبێت لە کار و کردەوەی زەق، وەک دەستوەشاندن یان بەکارھێنانی چەک، بەڵکو ھەندێکجار بریتییە لە گوێنەدان بە ئەرکی سەرشان، یان بێڕێزی لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا، یان رەچاونەکردنی بەھاو نەریتی گشتی، یان بێویژدانی لە مامەڵەی کڕین و فرۆشتندا، جگە لەمانە لە ھەندێک شوێن جۆرێک لە تووند و زبری بەکارمەندانی فەرمییەوە دیار بووە، یان شۆفێر لە شەقامەکاندا، یان لە تێکەڵاوی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەمانە ھەموویان لێکەوتەی ئاسایین بۆ ئەو دۆخانەی کە بەسەر ھەرێمی کوردستاندا ھاتن، بەڵام دەبێت نەمێنن.

نەورۆزە، دەبێت لەمڕۆوە دەستبکەین بە ھێوربوونەوە، شەڕی بەرگری ئێمە لە بەرامبەر دڕندەیی داعشدا بەسەرکەوتن تەواوبوو، بوژانەوەی باری ئابووریش دەستیپێکرد و ھەنگاو بەرەو ئاساییبوونەوە دەنێت.

داوا لە دایک و باوکان دەکەم زیاتر لە جاران وریای ھەڵسوکەوتی منداڵەکانیان بن، بەرامبەریان نەرم بن و لەسەر ھێوری و نەرمی لە مامەڵەکردندا رایانبھێنن، ئاگاداری تەندروستیان بن و بۆ خوێندنەوە و وەرزش ھانیان بدەن، ھەروەھا بەڕێوەبەرانی دەزگا فەرمییەکان باشتر کۆنترۆڵی سەرپێچییەکان بکەن.

داوا دەکەم کارمەندانی دەزگاکانی ئاسایش لە وەڵامدانەوەدا نەرمتر بن، من ئەمڕۆم ھەڵبژارد بۆ ئەو تێبینی و سەرنجانە، لەبەر ئەوەی جەژنە، نەورۆز جەژنێکی خۆشی کوردستانە، ھەروەھا وەرزی بەھار و پێکەنین و گەشانەوەی دڵ و دەروونە.
ئەم رۆژانەی جەژنی نەورۆز، رۆژانی تێپەڕاندنی لاپەڕەی کۆن و ھەڵدانەوەی لاپەڕەی تازەن، داواتان لێدەکەم ھەموو لایەک ئاوڕ لە برایەتی و تەبایی و خۆشەویستی بدەنەوە. دەبێت ھەموو لایەک ھێورببنەوە، دەبێت ھەموو لایەک یەکترمان خۆشبووێت، داوا لە ھەمووشتان دەکەم رێزی سرووشت بگرن و ژینگەی کوردستان پاک رابگرن. لەم رۆژە پیرۆزەدا کە جەژن و سەری ساڵمانە، جەژنی سەرکەوتن و داگیرساندنی مەشخەڵی ئازادییە، جەژنە پیرۆزە لە ماڵباتی شەھیدان دەکەم، جەژنە پیرۆزە لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و بریندارانی شەڕی داعش دەکەم، جەژنە پیرۆزە لەو خوشک و برایانە دەکەم کە ھەر یەکە و بە جۆرێک بوونە قوربانی، بەتایبەتی خوشکە خاتوونە ئێزدییەکانمان، جەژنە پیرۆزە لە تەواوی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان دەکەم، پیرۆزبایی لە ژنان و ئافرەتانی کوردستان، لە مامۆستایان، لە لاوان و قوتابیان و خوێندکاران دەکەم، پیرۆزبایی لە حیزب و لایەنەکان دەکەم، پیرۆزبایی لە زانایانی ئایینی و رۆشنبیران دەکەم، دەبێت ئێوە پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی کوردستان سەربکەوێت و ھەموو رۆژێکی ئێمە ببێتە خۆشی و بەھارو نەورۆز.


پیرۆزبایی لە پێشمەرگە و زێرەڤانی و ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی فریاکەوتن دەکەم، پیرۆزبایی لە فەرمانبەرانی حکوومەت و کارمەندانی کەرتی تایبەت دەکەم، پیرۆزبایی لە جووتیاران، لە کۆچەر و رەوەند و خەڵکی شار و لادێ دەکەم، پیرۆزبایی لە کوردستانیانی دوور لە وڵات دەکەم، ھەروەھا پیرۆزبایی لە پەرلەمانتاران و وەزیران و پارێزگاران و بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکانی کوردستان دەکەم.

جەژنە پیرۆزە لە یەکە یەکەی خەڵکی کوردستان و دانیشتووانە بەڕێزەکەی دەکەم، بە خاوەن ماڵ و بەوانەشەوە کە لێرە میوانن و بەشداری جەژن دەکەن، پیرۆزبایی لە ئاوارە و پەنابەران دەکەم.

لەم رۆژەدا دووبارەی دەکەمەوە کە گرەوی ئێمە ئەوەیە کوردستان سەربکەوێت، رێگای دوورمان بڕیووە و کەممان ماوە، قوربانیمان زۆر داوە و دەبێت بگەینە رۆژی خۆمان، ئێمە وەک چۆن بەختەوەریمان بۆ خۆمان دەوێت، بۆ خەڵکی دیکەش ھەمان ھیوامان ھەیە، بە تایبەتی بۆ گەلی عێراقی برا، ھەرێمی کوردستان برا بەشێکی راستەقینەیە لە عێراق و دەستووری وڵات بڕیاری ئەمەی داوە.

لەم بۆنەیەدا کە نەورۆز جەژنێکی فەرمییە لە عێراق، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەم یارمەتیدەربێت بۆ ئەوەی گەلی عێراق لە برایەتی خۆی و گەلی کوردستاندا سەربکەوێت.

جەژنە پیرۆزە لە ھەموو گەلی عێراق دەکەم، بە ھەموو شار و شارۆچکە و لادێیەکانییەوە، جەژنە پیرۆزە لە ھەموو نەتەوەی کورد و گەلانی دراوسێی گەلی کوردستان دەکەم، ئێمە چاوەڕوانی ئەم رۆژەین کە چەوسانەوەی گەلی کورد بەتەواوەتی بووەستێت و ھەموو لایەک بە مافداری و یەکسانی و برایەتی و تەبایی بژین.

پیرۆزبایی لە گەلانی ناوچەکە و ھەموو ئەو گەلانە دەکەم، کە جەژنی نەورۆز دەگێڕن، دووبارە پیرۆزبایی و سڵاو لە ھەموو لایەک، ماڵتان ئاوا بێت و ھەر تەبا و سەرکەوتووبن.








بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın