Hamit Hüseyin
24 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 25 ئادار 2019
ھەولێر - AA
ئەمڕۆ، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام کۆبوونەوە و پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.
دوای کۆبوونەوەکە پارتی و یەکێتی راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تیایدا دووپاتیان کردووەتەوە، ھەردوولا کاربکەن بۆ سەرخستنی دانوستان و گفتوگۆکانی پێکھێنانی حکوومەت و لەم ھەفتەیەشدا، کۆبوونەوەی دیکەیان دەبێت.
جەخت لەوەش کراوەتەوە کە لە چوارچێوەی رێککەوتنە سیاسییەکەی نێوانیان کە لە چواری ئاداری ٢٠١٩ ئیمزاکراوە، دەست بە گفتوگۆی جددی و بەرھەمدار کراوە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆشدا، وردەکاری کارکردنی ھاوبەش و ھەنگاوی باش نراون.
شاندی پارتی پێکھاتبوو لە کەمال کەرکووکی، کاکەمین نەجار، عەلی حوسێن، ھێمن ھەورامی، عەلی عەونی، فرسەت سۆفی و دڵشاد شەھاب، هەروەها شاندی یەکێتی پێکهاتبوو لە عیماد ئەحمەد، رەفعەت عەبدوڵڵا، شاڵاو کۆسرەت، لاھور شێخ جەنگی، عەدنان حەمە مینە و لەتیف شێخ عومەر.