Azad Muhammet
18 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2016
قوتابخانەکە لە پێنج پۆڵ پێکهاتووە و قوتابیانى دوو گوند تێیدا دەخوێنن، خاوەنى پڕۆژەکەیش دەڵێت: "لە پێناو خودا، نیشتمانپەروەرى و مرۆڤایەتى قوتابخانەکەم دروستکردووە و، ئەگەر لە توانام دابێت ئامادەم مووچەى مامۆستایانى قوتابخانەکەیش دابین بکەم".
بەرەبەیانى زوو تیمى ئاژانسى ئانادۆڵو بەرەو گوندى کانى بادێ-ى سنوورى شارۆچکەى ئاکرێ بەڕێکەوتین بۆ بەسەر کردنەوەى ئەو قوتابخانەیەى کە مامۆستایەک خۆبەخشانە لەسەر ئەرکی خۆی دروستی کردووە، پێش ئەوەى زەنگى یەکەم وانەی ئەو رۆژە لێبدرێت قوتابیان و مامۆستایانى قوتابخانەکە لە قوتابخانەکەیان ئامادە بوون، لەگەڵ لێدانى زەنگ، قوتابیان چوونە پۆلەکان و مامۆستایانیش دەستیان بە وانە گوتنەوە کرد.
قوتابخانەى کانى بادێ-ى بنەڕەتى لەلایەن عەلى تاهیر عەلى درستکراوە لە دواى دروستکردنى قوتابخانەکە هەر خۆیشى کراوە بە بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە لەبارەى دروست کردنى قوتابخانەکە بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "من لە پێناو بەدەستهێنانى رەزامەندى خوداى گەورە و دەربڕینى هەستێکى نیشتیمانپەروەرانە و رێزگرتن لە بەها مرۆڤایەتییەکان لەسەر تێچووى خۆم هەڵساوم بە دروستکردنى قوتابخانەیەک بۆ قوتابیانى گوندى کانى بادێ و گوندى خیلافتێ، سوپاس بۆ خودا پڕۆژەکە سەرکەوت و ئێستا قوتابیانى هەردوو گوند تێیدا دەخوێنن".
ئەو مامۆستایە گوتیشى: "پێش ئەوەى قوتابخانەى بنەڕەتى کانى بادێ دروست بکەم قوتابیانى گوندى کانى بادێ و گوندى خیلافتێ دوورى زیاتر لە ٨ کیلۆمەتریان بە پیادە دەبڕى بۆ ئەوەى بگەن بە قوتابخانە، بەڵام دواى دروست کردنى ئەم قوتابخانەیە قوتابیان بەبێ ماندوو بوون دەگەنە قوتابخانە و وانەکانیان دەخوێنن".
مامۆستاى ناوبراو لەبارەى ژمارەى قوتابیان و پۆڵەکانى قوتابخانەکەوە دەڵێت: "ژمارەى قوتابیانى قوتابخانەکەمان بۆ ئەمساڵى خوێندن ٣١ قوتابییە و، قوتابخانەکەمان لە پێنج پۆڵ پێکهاتووە و لە پۆڵى یەکەمى بنەڕەتى تا پێنجەمى بنەڕەتى خوێندنى تێدا دەکرێت پەنا بەخودا لە ئایندەدا پۆڵى زیاتر دەکەینەوە و ژمارەى قوتابیانیش زیاتر دەبێت، هەمان بەو بابەتەیش دەخوێندرێن کە بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى دهۆک دیاریکردوون".
هەروەها ئامادەیى خۆى دەربڕى بۆ هاوکارى کردنى ئەو مامۆستایانەى وەک وانەبێژ لە قوتابخانەکە وانە دەڵێنەوە و گوتى: "هەرچەندە بارودۆخى دارایى منیش ئەوەندە باش نییە، بەڵام ئەگەر پێویست بکات و لە توانام دا بێت مووچەى مامۆستایانى قوتابخانەکەش دابین دەکەم، لەگەڵ هاتنى وەرزى زستاندا گەیشتنى سەرما و سۆلە، هەوڵدەدەم سووتەمەنی بۆ قوتابخانەکە دابین بکەم، رێگە نادەم قوتابیان تووشى سەرماى زستان بن لە پۆڵەکانیاندا".
هەروەها دەشڵێت: "قوتابخانەکەمان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى دهۆکەوە رێگە پێدراوە و لەلایەن وەزارەتى پەروەردەی حکوومەتى هەرێمى کوردستان باوەڕ پێکراوە، کردنەوەى ئەم قوتابخانەیە وایکردووە قوتابیانى گوندى کانى بادێ و گوندى خیلافتێ لە پڕۆسەى خوێندن بێبەش نەبن، قوناغى ئەمڕۆمان وا دەخوازێت هەر کەسە و لە شوێنى خۆیەوە خزمەتێک بە هەرێمى کوردستان بکات ئەگەر بچووکترین خزمەتیش بێت".
ناوبرا ئەو بڕە پارەیەش ئاشکرا دەکات کە لە دروستکردنى قوتابخانەکەدا خەرجى کردووە و دەڵێت : "تا ئێستا زیاتر لە ٦ هەزار دۆڵارم لە دروست کردنى قوتابخانەکە خەرج کردووە، ئاواتەخوازم لە رێگەى دروستکردنى قوتابخانەىەکی گەورەتر خزمەتێک هەرێمى کوردستان بگەیەنم".
شارۆچکەى ئاکرێ سەربە پارێزگاى دهۆکە و ١٢٠ کیلۆمەتر لە پارێزگاى دهۆک و ٩٥ کیلۆمەتر لە پارێزگاى نەینەوا دوورە. خانووەکانى ئاکرێ لەسەر یەک بە دامێنى چیاکاندا هەڵچوون و، ئەمەیش دیمەنێکى جوان و سەرنج راکێشى بە شارۆچکەکە بەخشیووە، ناوى ئاکرێ لە ئاگرەوە هاتووە و لە ساڵى ١٨٧٧ بووەتە قەزا. گوندى کانى بادێ یەکێکە لەو گوندەکانى سنوورى شارۆچکەکە دەکەوێتە سەر رێگاى گشتى ئاکرێ.