Ramal Mahmood
17 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2016
دەفژەنی سەرشەقام محەممەد شێخگەرمچی، رایگەیاند کە لەلایەن خەڵکەوە پشتگیرییان دەکرێت، بەڵام بەهۆی گوشارەکان لە وڵاتەکەیان تووشی زەحمەتی و سەختی دەبن و ماوە ماوە هێزە ئەمنییەکان و شارەوانی کێشەیان بۆ دروست دەکەن.
شێخگەرمچی کە لە شەقامەکانی تارانی پایتەخت خەریکی لێدانی دەفە و هۆنراوەش دەهۆنێتەوە، لەبارەی کارە هونەرییەکانی و ئاستەنگەکانی بەردەمی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دوا.
شێخگەرمچی ئاماژەی بەوە دا کە دەیەوێت لەڕێگەی بەرهەمەکانیەوە تیشک بخاتە سەر پێویستی خۆشەویستی، ئاشتی، یەکێتیی و پێکەوەژیان و هەوڵ دەدات کەوا لە مرۆڤەکان باکت بە گۆشەنیگایەکی دیکە بۆ ژیان بڕوانن.
شێخگەرمچی سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە ١٠ ساڵە بە تەنها یان بەشێوەی گرووپ خەریکی لێدانی دەفە و گوتی: "بۆیەکەمجار ١٨ ساڵ لەمەوبەر لە ماڵی پوورم دەستم لە دەف دا. بە لاساییکردنەوەی کاسێتەکان دەستم بەم کارە کرد. هۆگری من بۆ میوزیک دەگەڕێتەوە بۆ هاندانی ژمارەیەک لە خزمانم بۆ ئەوەی ببمە دەفژەن".
ناوبراو ئەوەی خستەڕوو کە بە ئیلهام وەرگرتن لە مەولانا جەلالەددینی رۆمی هۆنراوەیەک بەناوی "بۆ مرۆڤ دەگەڕێم" کە خۆی و محەمەد رەزا حاجی روستەمبەگلو نووسیوویانە لەگەڵ لێدانی دەفەکەی ئاوێزانی یەکتری دەکات.
شێخگەرمچی لە بارەی پێشوازی هاووڵاتییان لە کارە هونەریەکانی و ئاستەنگەکانی بەردەمیان گوتی: "لەلایەن خەڵکەوە پشتگیریمان دەکرێت، بەڵام بەهۆی گوشارەکان لە وڵاتەکەمان تووشی زەحمەتی و سەختی دەبین. ماوە ماوە شارەوانی یان هێزە ئەمنییەکان کێشەمان بۆ دروست دەکەن. لە کاتێکدا لە زۆر شوینی جیهان میوزیکی سەرشەقام هەیە بەڵام لە ئێران بە پاساوی دەرۆزەکەری و زیان گەیاندن بە ئادابی گشتیی هەوڵدەدەن ئاستەنگ بخەنە بەردەم کارەکانمان. لە ساڵی ١٩٩٦ یەکەیەکی ئەمنی بەناوی کۆمیتە پێکهێنرا کە کەسیکیان لەسەر کۆڵانێک بینیبووایە سازی بەدەستەوە بوایە جەڵدیان لێ دەدا. لەگەڵ تێپەڕینی زەمەن وردە وردە نەرم بووەوە. لەسەردەمی سەرۆکایەتی هاشمی رەفسنجانی و محەمەد خاتەمی گوشارەکان کەم بوونەوە. بەڵام ئێستا کەسێک (پێشنوێژی هەینی مەشهەد ئایەتوڵلا ئەحمەد عالەوڵڵا) و دێت و دەتوانێت بڵێت میوزیک حەرامە. هەرچەند سەرکۆمار، حەسەن روحانی دژی ئەوە لێدوانیش بدات ئەو بەردەوام دەبێت لەو جۆرە لێدوانانە کە دەبنە هۆکاری گوشارخستەن سەرمان".
شێخگەرمچی رایگەیاند کە دەیەوێت لە ماوەیەکی نزیکدا بێتە ئیستانبوڵ و لە شەقامی ئستیقلال (لە تەقسیم) کۆنسێرتێک لەسەرشەقام پێشکەش بکات و گوتی: "خەڵکی ئێران حەزیان لە دەنگی هونەرمەندانی وەکو ئیبراهیم تاتڵیسەس، ئەمەل ساین و ئەحمەد کایە-یە. منیش دەمەوێت میوزیکی ئێرانی بە تورکیا بناسێنم".