Ramal Mahmood
19 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2016
حەلەب
هاووڵاتییانی سووریا لە ناوچە گەماردۆدراوەکانی حەلەب بە توانایەکی کەم و سنووردارەوە بەسەختی ژیانیان بەڕێدەکەن.
لەناوچەکانی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە حەلەب گرووپێک مادە پلاستیکییەکانی سەر زەوی کۆدەکەنەوە و هەوڵ دەدەن لەڕێگەی سەرەتاییەوە سوتەمەنیان لێ بەرهەم بهێنن. خەڵکی حەلەب کە نزیکەی چوار ساڵە لەناو ئاگر و ئاسن و بۆردومانی بەردەوامدا ژیان بەسەر دەبەن ماوەی دوو مانگە لەلایەن هێزەکانی رژیمی بەشار ئەسەدەوە گەمارۆدراون و هیچیان لە دەرەوە پێناگات و بە سەختی ژیانیان بەڕێدەکەن. لەبەرامبەر ئەمەدا خەڵکی حەلەب بۆ بەردەوامیدان بە ژیان لەرێگەی فرۆشتنی سووتەمەنییەوە دەیانەوێت بژێوی ژیانیان دابین بکەن.
هاووڵاتیی فارس یەعقوبی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دواو ئاماژەی بەوە دا بەهۆی بەردەوامی هێرشەکان بۆسەر شارەکە و گەمارۆدانیان مادەکانی وەک گاز و بەنزین ناگەنە ناوچەکانیان. گوتیشی: "ئەو شوێنەی کاری لێ دەکەم زۆر لە هێڵی سەنگەر نزیکە بۆیە مەترسی لەسەر ژیانمان هەیە. بەهۆی گەمارۆوە نرخی هەموو شتێک زۆر گرانە. بۆ ئەوەی شتێکی ئاسایی ببەمەوە بۆ ماڵ لە بەیانییەوە تاکو ئێوارە کار دەکەم. لە نزیک شوێنی پێکدادانەکان کاردەکەم".
ئەبو عەلی گوتی: "ئەمە کارێکی زۆر سەخت و ترسناکە. بۆ ئەوەی بەردەوامی بەژیانمان بدەین لەو ناوچە گەمارۆدراوە بۆ دابینکردنی پیداویستییەکانی ژیانمان هەندێک دەفرۆشین. بەهۆی سەختی ژیانەوە ئەو پلاستیکانەی لێرە دەیانبەین، دەیانتوێنینەوە و بە رێگای سەرەتایی دەیکەینە نەوت. دواتریش هەوڵ دەدەین بیکەینە بەنزین و گاز و بژێوی خێزانەکانمانی پێ دەستەبەر بکەین. کارێکی ترسناکە بەڵام ناچارین نانی ئێمە لەوە دایە".
شایانی باسە نزیکەی ٣٤٠ هەزار هاووڵاتیی مەدەنی لەو ناوچە گەمارۆدراوانەدا دەژین.