ئاکرەییەکان شارەکەیان لەسەر ئەندازەى کۆن نوێژەندەکەنەوە
- دانیشتووانى ئاکرێى کۆن کە لە گەڕەکانى چوستەیی، گۆراڤا و قاپەکی پێکدێت لەسەر ئەندازەى کۆن خانووەکانیان نوێژەندەکەنەوە و دەیانەوێت لە رێگەى نوێژەنکردنەوەى ٣٤٠ خانوو سیماى کۆنى شارەکەیان بپارێزن.
Dahuk
دهۆک - AA
ئاکرێى کۆن بە هۆى درێژی تەمەنییەوە بەشێک لە خانووەکانى بەرەو داڕمان چوون و لەئێستادا دانیشتووانى ئەو گەڕەکانەى قەزاى ئاکرێ لەژێر مەرج و چاودێرى سەرۆکایەتى شارەوانى سەرقاڵى نوێژەنکردنەوەى خانووەکانیانن.
ئاکرێ لە ساڵى ١٨٧٧ لە سەردەمى دەوڵەتی عوسمانی کراوەتە قەزا و مێژووناسانى ئەم سنوورە، مێژووى دروستکردنی شارەکەیان بۆ چاخى بەردینى کۆن دەگەڕێننەوە کە نزیکەى ٤٠ هەزار ساڵ پێش زایین دەبێت.
محەمەد یەحیا محەمەد هاووڵاتییەکى دانیشتووى گەڕەکى چووستەی-یە لە ئاکرێ کۆن، خۆى بیناسازە و کوڕەکەى شاگردى بۆ دەکات و دراوسێیەکى بە هەسپ تاشە بەردە گەورەکانى بۆ دەگوازێتەوە و یەکێکە لەوانەى کە رۆژانە حەوت کاتژمێر کار بۆ نوێژەنکردنەوەى خانووەکان دەکەن.
محەمەد یەحیا محەمەد لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "من یەکێکم لەو بیناسازە خۆبەخشانەى کە کار دەکەین بۆ نوێژەنکردنەوەى خانووەکانى گەڕەکى چووستەیی، گۆراڤا و قاپەکى بە گوێرەى مەرج و نەخشەکانى سەرۆکایەتى شارەوانى ئاکرێ، نوێژەنکردنەوە لە ٣٤٠ خانوو ئەنجام دەدەین".
گوتیشى: "خانووەکانى ئاکرێ بە هۆى درێژی تەمەن و بە هۆى زۆرى باران بارینى ئەمساڵ زیانیان بەرکەوتووە، ئێمەیش دەمانەوێت لەسەر ئەندازە و شێوازى کۆن، سیماى ئاکرێ وەکو جاران بپارێزین".
ئەو ئاماژەى بە چۆنیەتى دروستکردن یان نوێژەنکردنەوەى خانووەکان دەکات و دەڵێت "ئێمە ئەو بەردە سپییانە لەم خانووانە دەستدەکەوێت کە لە دەورووبەرى ئاکرێ داڕماون و لە رێگەى گوێدرێژ و هەسپەوە دەگوازینەوە، چونکە کوچە و کۆڵانەکانى ئەم گەڕەکانەى ئاکرێ زۆر بەرتەسک و بچووکن دەرفەت ناڕەخسێت هیچ جۆرە ئۆتۆمبێلێک بەکاربهێندرێت.
دەشڵێت "سەرەتا بەردەکان بە چەکوچ دەکوتین، ئینجا بە مەکینە خشتەى لێ دروست دەکەین و دواتر بە بەکارهێنانى دوو جۆر چیمەنتۆ بەردەکان رادەگرین و دیوارى لێ دروست دەکەین و لە کۆتاییدا کە دیوارەکە تەواو بوو، نەخش و ئەندازەى مێژووى دێرینى ئاکرێى پێدەدەینەوە".
بەرپرسى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى سەرۆکایەتى شارەوانى ئاکرێ، زێرەڤان تەمۆ لەبارەى نوێژەنکردنەوەى ئاکرێى کۆن بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "بەگوێرەى پلانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بێت لە ساڵى ٢٠١١وە بڕیاروابوو گەڕەکانى چووستەیی، گۆراڤا و قاپەکى کە سێ گەڕەکى سەرەکین لە ئاکرێى کۆن و ٣٤٠ خانووى لێیە، وەک ناوچەیەکى شوێنەوارى بناسێندرێت، بەڵام بە هۆى قەیرانى دارایی و شەڕى دژبە داعش ئەو بڕە پارەیەى مەزەندە کرابوو تەرخان بکرێت کە ٢٥٠ ملیۆن دینار بوو، خەرج نەکرا".
گوتیشى: "تا ئێستا مزگەوتى گەورەى ئاکرێ و ٢٢ خانوو لە ئاکرێى کۆن نوێژەنکراوەتەوە، ئەمساڵیش بە هۆى باران بارینى زۆرەوە ١٠ خانووى مێژووى داڕمان و ژمارەیەک خانووى دیکەش مەترسى داڕمانیان لەسەرە".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن