هونەر و كلتوور

مزگەوتێکی ئاکرێ ١٤سەدەیە بانگدانی لێ نابڕێت

- مێژووى دروستکردنى مزگەوتى گەورەى ئاکرێ لە قەزاى ئاکرێى سەربە پارێزگاى دهۆک دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى عەبدوڵڵا کوڕى عومەرى کوڕى خەتاب و زیاتر لە ١٤ سەدە دەبێت نوێژ و پەرستشى تیادا ئەنجام دەدرێت.

Azad Mohammed Abdullah  | 17.08.2019 - نوێکردنەوە : 19.08.2019
مزگەوتێکی ئاکرێ ١٤سەدەیە بانگدانی لێ نابڕێت

Dahuk

دهۆک - AA

هەر لەگەڵ گەیشتنى ئایینى ئیسلام بۆ سنوورى بادینان لە سەردەمى عەبدوڵڵا کوڕى عومەرى کوڕى خەتاب پەرستگاى زەردەشتییەکان لە شارۆچکەى ئاکرێ دەگۆڕێت بۆ مزگەوتى گەورەى ئاکرێ و هەر لەوکاتەوە تا ئێستا کە زیاتر لە هەزار ساڵ دەبێت نوێژ و پەرستشى تێدا ئەنجام دەدرێت.

مزگەوتى گەورەى ئاکرێ هاوشوێن لەگەڵ سەدان ماڵ دەکەوێتە دامێنى چیاى کەلێ کە یەکێک لە بەرزترین چیاى سنوورى قەزاى ئاکرێ-یە

مزگەوتى گەورەى ئاکرێ لە سێ نهۆم پێک دێت، گومبەتێکێ گەورە و مینارەیەکى ٥٦ مەترى دەکەوێتە سەر مزگەوتەکە لە ناوەڕاستى مزگەوتەکەدا نافورەیەک هەیە کە ئاوێکى زولاڵ خولدەدات لە چوار دەورى نافورەکەدا چەند جۆرە گوڵێک گۆڕەپانى مزگەوتەکەى رازاندووەتەوە.

لە مزگەوتەکەدا بایەخێکى تایبەت بە ئافرەتان دراوە لە ژێرزەمیننەکەدا هۆڵێکى گەورە دروستکراوە کە تایبەتە بە شوێنى نوێژکردنى ئافرەتان و فێرکارى خوێندنى قورئان. نهۆمى یەکەم تایبەت بە پیاوانە لە هۆڵێکى گەورە و هۆڵێکى گەورەتر پێکهاتووە، نهۆمى دووەم و سێیەم قۆتابخانەى ئایینییە کە هەر لە پۆلى یەکەم تا پۆلى نۆى بنەڕەتى زیاتر لە ١٠٠ قوتابى تێیدا دەخوێنن.

مێژووناسێکى قەزاى ئاکرێ بەناوى دیار کازم لەبارەى مێژووى مزگەوتى گەورەى ئاکرێ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "پێشتهاتنى گەیشتنى ئیسلام بە ئاکرێ، پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە ئەم ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتى ئیمپراتۆریەتى ساسانى بوو لە ساڵانى ١٨ بۆ ٢٠ کۆچى ئایینى ئیسلام گەیشتە ئەم سنوورە بەبێ شەڕ موسڵمانبوونى خۆیان بە فەرماندەى سەربازى عەیاز بن غونەم راگەیاندووە کە یەکێک بووە لە فەرماندەکانى سەردەمى عومەرى کوڕى خەتاب".

گوتیشى: "بە گوێرەى ئەو بەڵگانەى کە لە کۆنەوە بۆمان ماوەتەوە هەر لەسەر راسپاردەى عەبدوڵڵاى عومەرى کوڕى خەتاب ئەم مزگەوتەى گەورەى ئاکرێ دروستکرا، پێش دروستکردنى مزگەوتەکە بیناى مزگەوتەکە ئاتەشگەى زەردەشتییەکان بوو و دواتر دەستکارى و گۆڕانکارى تیایدا ئەنجامدرا".

پێشنوێژى مزگەوتى گەورەى ئاکرێ خەیروڵڵا حاجى حسێن لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "مزگەوتى گەورەى ئاکرێ مزگەوتێکى ناودارە و یەکێکە لە کۆنترین مزگەوت لە عێراق و هەرێمى کوردستان لە سەردەمى عەبدوڵڵاى کوڕى خەتتاب دروستکراوە و هەر لە کۆنەوە لەپال ئەوەى شوێنى نوێژکردن و پەرستش بووە، قوتابخانەیەکى ئایینیش بووە چەندین زانا و پیاوچاک و پیاوى ئایینى پێگەیاندووە".

ناوبراو ئاماژەى بەوەدا کە موسڵمانان لە تورکیا و ئێران سەردانى مزگەوتى گەورەى ئاکرێ دەکەن لە ناوخۆى هەرێمى کوردستانیش موسڵمانان لە دهۆک، هەولێر، سلێمانى و هەڵەبجە سەردانى ئەم مزگەوتەیان کردووە و نوێژیان تێدا ئەنجامداوە.

هاووڵاتییەکى دانیشتووى پارێزگاى سلێمانى بەناوى عەلى مەحمود بۆ سەردانی مزگەوتى گەورەى ئاکرێ زیاتر لە ٤٥٠ کیلۆمەتر رێگاى بڕیوە بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو ئاماژەى بەوەدا کە لە سلێمانی-یەوە سەردانى مزگەوتى گەورەى ئاکرێ-یان کردووە و گوتیشى: "ساڵانە جارێک دووجار وەکو گەشتێک سەردانى ئاکرێ دەکەین، شارێکى خۆشە و کەشوهەواکەى دڵڕفێنە، بە تایبەت مزگەوتى گەورەى ئاکرێ مزگەوتێکى گەورەیە دڵخۆش دەبین کە سەردانى ئەم مزگەوتە دەکەین".




بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın