Sarmand Hameed
27 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 29 حوزەیران 2016
لە گوندی توزڵاگۆزوی شارۆچکەی زارای سەر بە پارێزگای سیڤاس لە تورکیا، بوونی مزگەوتێک کە تەمەنی ١١٠ ساڵە و دوو منارەکەی لە دوو شوێنی جیاوازدا، بووەتە مایەی سەرسووڕمانی ئەو کەسانەی دەیبینن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، منارەی مزگەوتی توزڵاگۆزو لەساڵی ١٩٤٥دا دروستکراوە لە سەردەمێکدا کە کارەبا نەبووە لە گوندەکەدا، منارەکە لەسەر گردێک دروستکراوە کە گوندەکە دەکات بە دوو بەشەوە، مەبەستیش لە دروستکردنی لەو شوێنەدا بۆ ئەوە بووە دانیشتوانی هەردوو بەشی گوندەکە گوێیان لە بانگ ببێت.
هەموو ئەو پیشنوێژ و وتارخوێنانەی بەدرێژایی ئەو ساڵانە لەو گوندە پێش نوێژییان کردووە، چوونەتە سەر ئەو منارەیەی کە نزیکەی ١٥٠ مەتر لە مزگەوتەکەوە دوورەو لەوێوە بانگیان داوە.
نزیکەی ١٢ ساڵ لەمەوبەر خێرخوازێک بەهۆی ئەوەی کە پێی وابووە منارەکە بچووکە و لە دەرەوەی مزگەوتەکەوە نابینرێت، منارەیەکی گەورەی لەدووری ٥٠ مەتر لەم منارەیە و ٢٠٠ مەتر لەدووری مزگەوتەکەوە دروستکردووە.
لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو تەزووی کارەبا گەیشتووەتە گوندەکە و لەو کاتەوە تاکو ئێستا لەرێگەی ئامێری تایبەتییەوە کە لە منارەکاندا جێگیرکراوە، بانگ بە ئاسانی دەگەیەنرێتە هەموو ناوچەکانی گوندەکە و تەنانەت ١١ کێڵگەی دەوروبەریش.
پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتەکە، سەرکان ئاڵش، رایگەیاند بەگشتیی منارەکان دەکەونە حەوشەی مزگەوتەوە، بەڵام لەو مزگەوتەی ئەو ئیمامەتی تێدا دەکات، دۆخە بەجۆرێکی دیکەیە.
ئاڵش ئاماژەی بەوەشکردووە کاتێک هاتووەتە گوندەکە بینیویەتی منارەکان بەسەر گردەکانەوەن، سەری سووڕماوە و لە دڵی خۆیدا گوتوویەتی ''بڵێیت هۆکاری ئەمە چی بێت'' بەڵام دوایی بۆی روون بووەتەوە کە بۆچی منارەکان لەو شوێنانە دان.