Hemn Baban
24 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2017
چهند منداڵێك له دهورووبهری پاشماوهی مزگهوتهكه بۆ خۆیان بهكۆكردنهوهی قهوانی فیشهكهكانهوه سهرقاڵ بووبوون.
تهقاندنهوه و رووخاندنی یهكێك لهو شوێنانهی چهكدارانی رێكخراوی دهوڵهتی ئیسلامی ناسراو بهداعش بهچالاكیی گهوره و ئۆپهراسیۆنی گرنگ دادهنرا بریتی بوو لهو شوێنه پیرۆزانهی بهلای موسوڵمان، مهسیحییهكان، كاكهیی، ئێزدی و پێكهاتهكانی دیكه سهدان و ههزاران ساڵه بهبایهخهوه تهماشا دهكرێت.
گۆڕ و مزگهوتی یونس پێغەمبەر لهو گهڕهكهی بهناوییهوهیه له رۆژههڵاتی شاری مووسڵ یهكێكه لهو شوێنانهی سهدان ساڵه شارهكه و خهڵكهكهش هۆگری بوون، لێره لهناو شاری مووسڵ لهسهر گردێكی بهرز شوێنێك كه پانتاییهكی فراوانی ههیه مهزارگهیهك ههیه بهناوی مهزارگهی یونس پێغەمبەر كه خهڵكی مووسڵ زۆر دهمێكه شانازیی پێوهدهكهن و سهردانییان دهكرد، ههر ئهوهندهش نا بگره له زۆر وڵاتانی دونیاشهوه خهڵك سهردانی شوێنهكهی دهكرد.
لەگەڵ گرتنی مووسڵ لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ ئیدی چەکدارانی داعش بەبیانووی شوێنی ھاوەڵ دروستکردن بۆ خوا و لادان لە رێنماییەکانی ئیسلام بەدەیان شوێنی پیرۆزییان تەقاندەوە لە ٢٤ی تەموزی ٢٠١٤ و بەدیاریکراوی لە ٢٦ی رەمەزان ئەم مزگەوتە و مەزارگەکەشیان لە رێگەی بۆمبڕێژکردن و تێ ئاخنینی تەقەمەنییەکی زۆر لەناوبرد و تەقاندەوە.
منداڵێکی خەڵکی گەڕەکی یونس پێغەمبەر کە بەقسەی خۆی ماڵیان کەمتر لە یەک کیلۆمەتر لە مەزارگەکەوە نزیکە گوتی" باش بیرم دێت کە ئەم شوێنەیان تەقاندەوە، ئەوێ کات دەنگی تەقینەوەکە زۆر گەورە بوو، ناوچەکەش ھەژاند، پێش داعش زۆر جار لەگەڵ باوک و دایکم دەھاتینە ئەم شوێنە و خۆشیمان دەکرد"، ئەو منداڵە کە ناوی جەمال بوو نزیکەی ١٢ ساڵ تەمەنی ھەبوو، ئەو لەگەڵ چەند منداڵێکی ھاوتەمەنی خۆی لەسەر پاشماوەی وێرانەکردنی مزگەوتەکە دانیشتبوو و تەماشای مزگەوتی گەورەی مووسڵ " مزگەوتی سەدام"یان دەکرد و زوو زوو بەمنی دەگوت "عەمۆ داعش زۆر قێزەوەن بوون، لێرە ھەرچی کاری خراپ ھەیە دەیان کرد، ئێمەش لێیان دەترساین و نەماندەوێرا بەئارەزووی خۆمان بێینە ئەم شوێنە".
یونس پێغەمبەر یان یونانی کوڕی ئمەتای بەزمانی عبری واتە کۆتر، لەلای ھەریەک لە جوولەکە، مەسیحییەکان، موسوڵمانان، بەپێغەمبەر دادەنرێت و ناوی لە کتێبی پیرۆزی عیبریدا ھاتووە، لە قورئانیشدا ناوی ھاتووە و بەچیرۆکەکەی لە سکی نەھەنگ و قوتاندنی ناسراوە. لە مەملەکەتی ئیسرائیل ژیاوە لە دەورووبەری سەدەی ھەشتەمی پێش زایین، لەلای ئەو سێ ئایینەش بەیەکێک لە ١٢ پەێغەمبەرە بچووکە لەڕووی تەمەنەوە دادەنرێت.
ناوچەی یونس پێغەمبەر کە یەکێکە لە گەڕەکەکانی بەری چەپی مووسڵ بەشوێنێکی شوێنەواری دەناسرێت و دەیان شوێنەوار و پایە و بەردی ھەڵکۆڵراو و چەندین ئاماژە و ھێمای مێژوویی ھەن.
دەگوترێت لە ساڵی ٧٦٧ی کۆچی گۆڕی یونس پێغەمبەر لەو شوێنەی ئێستای دۆزراوەتەوە، مزگەوتی یونس پێغەمبەر دەکەوێتە سەر گردێک کە بەگردی تەوبە ناسراوە لە ھەموو شارستانییەتەکاندا ئەم گردە بەپیرۆز سەیرکراوە و لەنێو ئەم شوێنەدایە.
لوقمان یەکێکە لەو گەنجانەی لە دەورووبەری گۆڕەکەی یونس پێغەمبەر بوو، ئەو باسی ئەوەی دەکرد کە قسەی زۆر باوی ناو خەڵکی مووسڵ لەبارەی تەقاندنەوەی گۆڕی پەێغەمبەرەکەیانەوە ئەوەیە ژمارەیەک چەکداری داعش ھاتوونەتە ئێرە و بەئۆتۆمبیلی جام تاریک دەیان سەندوقیان دەرھێناوە کە پارە و زێڕ و شوێنەواری گرنگ بووە لە ژێر زەمین و شوێنەکانی ژێرەوەی گۆڕەکە و بۆ شوێنێکی نادیاری بردوویانن، دواتریش داعش سەرجەم ئەو کەسانەی ئەو ئۆپەراسیۆنەیان ئەنجامدابوو کوشتوون بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبێت.
مەزارگە و گۆڕی یونسی پھءغەمبەر لە دوو باڵەخانە پێکدێت کە رێگەیەکی درێژی شەش مەتری لە نێوانیاندا دەیانکات بەدوو بەشەوە و شوێنی نوێژ و دەست نوێژگرتن و حەزەرت و مزگەوت و خانووی وتاربێژیشی تێدایە.
منارەی مزگەوەتەکە لە سەرشێواز و دیزانی تورکی لە ١٩٢٢ ی زاینی بونیادنراوە، دەگوترێت یونس پێغەمبەر لە نزیک مزگەوتەوە نێژراوە، ئیبن بەتوتە (٧٠٣-٧٧٩ ک) کاتێک ھاتووە بۆ مووسڵ ئێرەی بەگردی یونس پێغەمبەر ناوبردووە.
ئەم مزگەوت و مەزارگەیە لەلای خەڵکی مووسڵ و پارێزگای نەینەوا زۆر بەگرنگ و جێ بایەخ دادەنرێت، ئێستا ئەم شوێنە جگە لە وێرانەیی، ھیچ شتێکی ئەوتۆی بەسەر پێوە نەماوە، لێرە ھەندێک دیوار بەپێوە ماون لە زەوییەکەشی شوێنەواری خاپووربوون ھەیە، کاشییەکان، بەردی حەلانی مزگەوتەکە کەوتوون و لەبەر پێیانن بە بەشێک لەو ئایەتانەشی لەسەر دیوارەکانی ئەم شوێنەوە ھەڵواسرابوون، ھەندێک لە ئایەتەکانیش بەنیوەناچڵی ھێشتا بەدیوارەکانەوەنن.
دەگوترێت مزگەوتەکە لە بنەچەدا پەرستگەیەکی فارسەکان بووە، دوای بڵاوبوونەوەی مەسیحییەت لە مووسڵ بووە بەدێرێک بەناوی دێر یونان بن ئەمتای کە لەلای موسوڵمانان بەیونس بن مەتا ناسراوە، ھەروەھا بە"زو النون"یش دەناسرێت کە خاوەنی نەھەنگ دەگەیەنێت.
لوقمان لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ ئانادۆڵو گوتی: "خەڵکی مووسل زۆر بەتەقاندنەوەی ئەم مەزارگەیە دڵتەنگ بوون، دڵنیام خەڵکی مووسڵ دوعای خراپەی لە داعش زۆر کرد بۆیە چارەنووسی ئەوان بەرەو لەناوچوون دەبێت".