Sangar Hamad Azeez
24 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2017
دادگاییکردنی هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش بە تۆمەتی "هاندانی خەڵک بۆ رق و کینە و دووبەرەکایەتی" لە گوتارێکیدا لە میانی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەک لە شارۆچکەی ئەرجیش بەر لە ئەنجامدانی گشتپرسی لەسەر گۆڕانکاری دەستوور لە ساڵی ٢٠١٠، دەستی پێکرد.
سەلاحەدین دەمیرتاش کە بەهۆی تۆمەتی دیکەوە دەستبەسەر کراوە لە رێگەی سیستەمی SEGBİS بەشداری لە دانیشتنی دادگای سزاکانی ئەرجیش کرد، پارێزەرانی گومانلێکراویش لە هۆڵی دانیشتنەکە ئامادە بوون.
پەرلەمانتاری هەدەپە، بەدیعە ئۆزگۆکچە ئەرتان بەشداری لە دانیشتنەکەدا کرد.
یەکێک لە پارێزەرانی گومانلێکراو کە لە دانیشتنەکەدا قسەی کرد، ئەسرا ئاکگون بوو، ئەو ئاماژەی بەوە دا کە دەمیرتاش هێشتا پەرلەمانتار و هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپەیە، بانگەشەی ئەوەیشیکرد کە مافی پارێزبەندی بەردەوامە. گوتی: "هەریەک لەو یاداشتنامەی لەبارەی ناوبراوەوە ئامادەکراون بەپێی پێویست لەگەڵ لیژنەی پەرلەمان بە گشتی هەڵگیراون. ئەم بابەتە لە دژی دەستوورە. هەڵپەساردنی حوکمێکی دەستوورە. لەبەر ئەمە تاکو ئێستا داواکارین دادگایی کردنی ناوبراو بوەستێنرێت کە پارێزبەندی یاسایی هەیە".
دواتر دەمیرتاش لە رێگەی SEGBİS بەرگری لە خۆی کرد و ئاماژەی بەوە دا ئەم بڕیارنامەیە حەوت ساڵ بەر لە ئێستا ئامادەکراوە و لە یاداشتنامەیەک دەرکەوتووە. هۆکارەکەیشی بۆ لێدوانی ئەرێنی و نەرێنی گەڕاندەوە لە بارەی گۆڕانکاری دەستووری لەم رێککەوتەدا.
لە چوارچێوەی ئەو گوتەیەی بۆ دادوەری دا، دەمیرتاش پارێزگاری لەخۆی کرد و گوتی: "ئەگەر ئەو گوتانەی من کە لە شارۆچکەی ئەرچیش پێشکەشم کرد بە تاوان بزانرێت ئەوا مایەی نیگەرانیە.مەحاڵە باوەڕ بەو بانگەشەیە بکرێت کە من لە گوتارەکانم هانی خەڵکیم دابێت بۆ رق و کینە. من لەسەرەتاوە وابیر دەکەمەوە کەوا لەسەرەتاوە هەڵەیە هاوسەرۆکی گشتی سێیەم گەورەترین پارتی وڵاتێک بگرین لەسەر بانگەشەیەک و رەتی ئەو کارەم کردووە. لێرەدا لە دژی من تاوانێک ئەنجامدراوە. بە ئامانجی رێگری کردن مافی سیاسەتکردنم بەکارهێنانی دەسەڵاتم داواکارانی گشتی تۆمەتم بۆ دروست دەکەن. داوا دەکەم لێکۆلینەوە لەگەڵ ئەو ئەندامانەی داواکاری گشتی بکرێت. داوادەکەم بە تۆمەتی تۆمەت هەڵبەستان دەستگیر بکرێن. ئەوان سوکایەتی بە دەنگی شەش ملیۆن کەس دەکەن. داوادەکەم هەرچی زووە دادگا بێ تاوانی من بسەلمێنێت".
هاوکات دەمیرتاش داوای کرد کە بەهۆی نەبوونی بەڵگەی یەکلاکەرەوە بێتاوانی بسەلمێندرێت و ئازادی بکەن.
لە میانی لێدوانێکی بۆ رۆژنامەنووسان پەرلەمانتاری هەدەپە ئەرتان گوتی: "لە نزیکەوە چاودێری دادگایی کردنی ئەندام و هاوسەرۆکانی هەدەپە دەکەین".
لە درێژەدا ئەرتان تیشکی خستە سەئەوەی لە چوارچێوەی دادگایی کردنی دەمیرتاش لێکۆلینەوە لە ٧ ساڵی رابردووی ناوبراو دەکەن و گوتیشی: "سیاسەتمەداران قسە دەکەن و رەخنە لە حکوومەت و سیاسییەکان دەگرن. هەوڵدەدەن دروستەکە بە هاووڵاتیان بڵێن. هاوسەرۆکی گشتی پارتەکەشمان هەر ئەمەی کردووە. ئەمڕۆ کە گۆڕانکاری دەستوور لە رۆژەڤە، ئێمەش رەخنەی سیاسی لێ دەگرێن. باری لەناکاو هەڵنەگیراوە و هەوڵدەدەن ئەو پارتانەی کە دەنگیان لێوەدێت دەمکوتیان کەن. ئێمە لە دژی ئەوەین. گۆڕانکاری دەستور هەرچۆنێک بێت ئێمە بەردەوام دەبین لە تێگەیاندنی هاووڵاتیان. دەمانەوێت لە نزیکترین کاتدا کۆتایی بەو دادگایە نایاساییە بهێنرێت و دەستگیرکراوان ئازاد بکرێت. ئەوە مافی رەوای سیاسەتمەدارانە".