Abdullah Shukur,Mazın Asad
17 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 19 ئادار 2017
واشنتۆن
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن)، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ھێرشێک بۆ سەر مزگەوتێکی گوندی جینای نێوان ھەردوو پارێزگای حەلەب و ئیدلیب ئەنجامدراوە و تێدا بینایەک کراوەتە ئامانج نەک مزگەوتێک.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا جێف داڤیس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھەڵسەنگاندنی بۆ ھەواڵی بۆردومانکردنی مزگەوتێک لە گوندی جینای سەر بە شارۆچکەی ئەتاریبی پارێزگای حەلەب کرد.
دەیڤیس گوتی: "چەند ھەواڵێک ھەیە بەوەی کە ئێمە مزگەوتێکمان کردووەتە ئامانج، بە دڵنیایەوە نەمانکردووەتە ئامانج و شتی وا ناکەین".
دەیڤیس وێنەیەکی نیشانی رۆژنامەنووسان دا و ئاماژەی بەوە دا کە لەو شوێنە تەنھا بینایەکی نزیک مزگەوتەکە کراوەتە ئامانج نەک مزگەوتەکە.
ئاشکراشی کرد کە نازانن ئەو بینایە چی پەیوەندییەکی بە مزگەوتەکەوە ھەیە.
گوتەبێژەکەی پنتاگۆن گوتیشی: "لەو شوێنە کۆبوونەوەیەکی ئەلقاعیدە ھەبوو". ھاوکات راشیگەیاند کە نازانن قاعیدە لە کەیەوە و بۆچی ئەم بینایەی بەکارھێناوە.
دەیڤیس ئاماژەی بەوە دا کە ئەو بینایەی کراوەتە ئامانج ژمارەیەک ئەندامی باڵای قاعیدەی تێدابووە و ئاشکراشی کرد کە ژمارەیەکی زۆریان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کوشتووە.
گوتەبێژی پنتاگۆن راشیگەیاند لە نێو قوربانییەکاندا خەڵکی مەدەنی نەبووە، بەڵام لێکۆڵینەوە لەسەر دەنگۆی میدیاکانی ئەمریکا دەکەن کەوا لە نێو قوربانییەکانی خەڵکی مەدەنیش تێدایە.
دەیڤیس ئاماژەی بەوەش دا کە گرتەڤیدیۆی ھێرشەکە بڵاو ناکەنەوە، بەڵکو وێنە رووداوەکە بڵاو دەکەنەوە. ئەمەش لەکاتێکدا کە ئەو وێنانەی نیشان دراوە، وەڵامی ئەو پرسیارانە ناداتەوە کە وێنەکە لە کوێ گیراوە و چ کاتێک فڕۆکەکان فڕیون.
گوتەبێژی پنتاگۆن ئاشکراشی کرد کە ھێرشەکە بەکاتی ناوخۆی سووریا کاتژمێر ٧ی ئێوارە ئەنجام دراوە کە ئەمەش وەڵامی پرسیاری ئەوەی نەدایەوە کە ئاخۆ فڕۆکەکان لە کوێوە ھەڵساوە.
-پنتاگۆن ئاماژە بە مزگەوتێکی کۆن و بەتاڵ دەکات
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە شوێنی مزگەوتەکە دەستی کەوتووە، ئەو وێنانەی پنتاگۆن بڵاوی کردەوە مزگەوتێکی کۆن و بەتاڵە کە لە تەک ئەو مزگەوتەیە کرایە ئامانج.
ھاوکات لە وێنەکاندا ھیچ زیانێکی گرنگ لە مزگەوتە کۆن و بەتاڵەکە بەدی ناکرێت. دووبارە نیشاندانی وێنەی ئەو بینایەی کە گوایە کراوەتە ئامانج، وێنەی مزگەوتێکی نزیک لە مزگەوتە کۆنەکەیە.
لە لایەکی دیکەوە ئەو کاتەی پنتاگۆن ئاماژەی پێکرد، بەکاتی ناوخۆی سووریا لەگەڵ کاتی بانگی عیشا یەک دەگرێتەوە کە لەو کاتەدا ھیچ ھێرشێکی ئاسمانی یاخود ھێرشی موشەکی لەوێدا ئەنجام نەدرا.