Abdullah Söylemez
09 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2022
ئاگری – AA
نزیکەی ٥٥٠ ژینگەدۆست و شاخەوانی ئێرانی بەسەر چیای ئاگریدا هەڵزنان کە پێنج هەزار و ١٣٧ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و بەرزترین خاڵە لەسەر ئاستی تورکیا.
ئەم ژینگەدۆست و شاخەوانانە پشووی فەرمییان لە وڵاتەکەیان بە دەرفەت زانی، لە رێگای دەروازەی گومرگی گوربوڵاک هاتنە تورکیا.
ئەم ژینگەدۆست و شاخەوانە ئێرانییانە کە شەو لە هۆتێلەکانی شارۆچکەی بایەزید مانەوە، کە رۆژ بووەوە بە مینی پاس بە گروپ چوونە ئاوایی چەڤیرمە و لەوێوە دەستیان کرد بە هەڵزنین بەسەر چیای ئاگریدا.
رێبەری گەشتیاریی ئێرانی، عەلی ئەکبەر ئەحمەد پور بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ژمارەیەک لە شاخەوانان پێشتر هاتوون و بە چیای ئاگریدا هەڵزناون، بەڵام ئەوانەی یەکەمجاریانە دێن زۆر سەرسامن بە چیاکە.
ئەحمەد پور بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە هەڵزنینەکەیان بە سەرکەوتوویی و بەبێ دروستبوونی کێشە ئەنجام داوە، گوتی: "شاخەوانانی ئێرانی لە پشووەکاندا بە چیاکاندا هەڵدەزنێن. هەڵبژاردەی ئەمساڵمان چیای ئاگری بوو. شاخەوانان هەڵزنین بە لوتکەی چیاکەدا زۆر بە دڵ بوو".
شاخەوان پەریناز ناگیپور'یش لەمبارەیەوە گوتی: "ناتوانم ئەو خۆشییە دەرببڕم کە هەستم پێی کرد. چیای ئاگری زۆر دڵڕفێن و سەرنجڕاکێش و گەورەیە. بەلای منەوە وەک ئێڤێرێستە".
بارزانی جەیلان کە کاری رێبەری گەشتیاری لە ناوچەکە ئەنجام دەدات و بە ئەسپ کەلوپەل و پێداویستییەکانی شاخەوانان دەگوازێتەوە ئاماژەی بەوە دا کە چیای ئاگری زۆر گرنگە بۆ گەشەی ئابووری پارێزگای ئاگری و گوتی: "لە بەهاری ئەمساڵیشەوە هاتنی شاخەوانان زیادی کردووە. لەم ساڵانەی دواییدا قەرەباڵغترین گرووپ کە سەردانی ئێرەیان کردبێت، ئەم ژینگەدۆست و شاخەوانە ئێرانییانە بوون".
ئەم چیایە کە بەهۆی ئەمنییەوە شەش ساڵ هەڵزنین پیایدا قەدەغە کرابوو، ساڵی رابردوو بە فەرمی کرایەوە. ساڵانە ژینگەدۆستان و شاخەوانان لە تەواوی جیهانەوە دێن بۆ چیای ئاگری و بەسەریدا هەڵدەزنێن.