Rawan Subhi Obaidullah
09 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2022
دھۆک - AA
ناوەندی یەکێتی ئاسمانی عێراقی، ھەرێمی کوردستان، دووەمین پاڵەوانێتی عەرەبی بۆ یاریییە ئاسمانییەکان بە بەشداری ژمارەیەک لە یانەکانی وڵاتانی عەرەبی و ھەرێمی کوردستان لە شاری دھۆک بەرێوەدەبەن.
لە پاڵەوانێتییەکەدا یاریزانانی وڵاتانی لیبیا، قەتەر،جەزائیر و ھەرێمی کوردستان بەشدارن و سێ یاریزان نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن لە بەشی پەڕەگلایدەر و پەڕەماتۆڕ.
محەمەد عەباس ئیسماعیل وەکو وەرزشوانێک کە نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان دەکات بەشدارە لە پەڕەماتۆڕی پاڵەوانییەتە بە ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "ئێمە زۆر پێوە ماندووبووین تاکو توانیمان قارەمانییەکە لە ھەرێمی کوردستان رێکبخرێت، ئەوەی کە لە پاڵەوانێتی پەڕەماتۆڕە و لە کۆمەڵگای خانکێ لە سنووری پارێزگای دھۆک بەرێوەدەچێت ھەر لە یاریزانانی ووڵاتانی لیبیا، قەتەر،جەزائیر و ھەرێمی کوردستان بەشدارن، من و دوو کوردی دیکە بەشدارین بە ناوەکانی حازم محەمەد ئەمین و محەمەد محەمەد عەلی و تاوەکو ئێستا من یەکەمم، بەڵام دوو فڕینی دیکە ماوە زیاتر بەدەردەکەوێت".
محەمەد عەباس ئیسماعیل ئاماژە بەوەشکرد: "لە بەشی پەڕەگلایدەر و پەڕەماتۆڕ یاریزانی کورد زیاترە، لە بەر ئەوەی لە کوردستان شاخی جوانی لێیە و کەش و ھەوای کوردستان گونجاوترە لە خوارووی عێراق، بۆ بەشی سکای دایف یاریزانی کوردمان نییە چونکە فڕۆکە و کەڕەستەی تەواومان نییە."
سرووشتی ھەرێمی کوردستان بۆ یارییە ئاسمانییەکان گونجاوە ھەروەھا بە پێی قسەی بەرپرسی ھونەری پاڵەوانیەتەکە، ئاسایشی ھەرێمی کوردستان زیاتر پارێزراوە، بۆیە ئەمساڵ ناوەندی یەکێتیی ئاسمانی عێراقی، ھەرێمی کوردستانی بۆ بەڕێوەچوونی دووەمین پاڵەوانێتیەکە دیاریکردووە.
بەرپرسی ھونەری دووەمین پاڵەوانێتی عەرەبی بۆ یاریییە ئاسمانییەکان سامان تالەبانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "تاوکو ئێستا ئەنجامەکان دیار نیین، چونکە ھەر یاریزانێک سێ دەرفەتی پێ دەدرێت، ھەندێک یاریزان ھەر سێ دەرفەتە تەواوکردووە و دەرنەچوون و ھەندێکیان ماون و کەوتوونەتە ناو ئاو و ئەوەی باشترین ئەنجامی ھەبێت، یەکێکە لە یاریزانی قەتەری بە ناوی عەبدولرەحمان".
لە یەکەم پاڵەوانییەتی عەرەبی بۆ یاریییە ئاسمانییەکان کە لە لە ساڵی ٢٠١٨ وڵاتی مەغریب بەڕێوەچوو ١٢ وڵات بەشداربوون لەوانەش کوێت، سودان، فەڵەستین، میسر، عێراق، تونس، لیبیا، جەزائیر، سوڵتانیشنی عومان، بەحرین، قەتەر و مەغریب.
لە بەشی پەڕەماتۆڕ لە ھەرێمی کوردستان تەنھا محەمەد عەباس بەشداربوو و لە بەشی پەڕەگلایدەر دو یاریزانی دیکەی کورد بەشدارببوون.