Emrah Oktay
10 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 13 حوزەیران 2022
ئیستانبوڵ - AA
جێگری سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی جیهانی ئەتنۆسپۆر و سەرۆکی فیدراسیۆنی لقەکانی وەرزشی نەریتی تورکیا، هاکان کازانجی رایگەیاند، پێنجەمین فێستیڤاڵی کلتوری ئەتنۆسپۆر کە دوای دوو ساڵ لە ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچێت، بوو بە دەستپێکێکی باش.
کازانجی سەبارەت بە فێستیڤاڵەکە کە لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک بەڕێوەدەچێت، لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "بەهۆی پەتای کۆرۆنا و رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان و لافاوەکانی ساڵی رابردوو، فێستیڤاڵەکە بۆ ماوەی دوو ساڵ بەڕێوەنەچوو. دوای ئەو ماوەیە دووبارە بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە بوو بە دەستپێکێکی باش. گرنگیدانی زۆرێك لە خوێندكاران و منداڵان و گەنجانمان لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، وایكرد هەموو ماندوێتیمان لەبیر بكەین. بۆ ماوەی دوو ساڵ پشوومان دا، لە راستیدا ساڵی رابردوو هەموو جۆرە ئامادەکارییەکمان کردبوو، بەڵام بەهۆی رووداوەکانی ئاگر کەوتنەوەی دارستانەکانی باشووری وڵاتەکەمان و لافاو لە ناوچەی دەریای رەش، نەمانتوانی چالاکی ئەنجام بدەین. ئەو پارەیەی کە دەبوو بۆ فێستیڤاڵەکە خەرجمان کردبا وەک هاوکاری بە زیانلێکەوتوانمان بەخشی".
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵانە لقی نوێ بۆ فێستیڤاڵەکە زیاد دەکەن، گوتیشی: "بۆ ئەمساڵ سێ لقی نوێی وەرزشیمان زیاد کرد. یەکێکیان زۆرانبازی بە سواری ئەسپ، ئەوی دیکەیان جۆرە وەرزشێکی نوێیە کە هاوشێوەی زۆرانبازییە. لەگەڵ یاریی کاباددی کە جۆرە یارییەکی باوە لە پاکاستان. جگە لەوەش، تیمی نمایشی ئەسپسواری ئازەربایجان لێرەیە. لێرەدا تەنیا وەرزشی نەریتی نامیش ناکەین بەڵکو کاری دەستی و خواردنە بەلەزەتەکانیش نمایش دەکەین کە لە ٢٦ وڵاتەوە پێشکەش بە میوانەکانمانی دەکەین".
هاکان کازانجی ئەوەیشی ئاشکرا کرد کە هەوڵ دەدەن لەرێگەی ئەم فێستیڤاڵەوە پەرە بە وەرزشی نەریتی بدەن و گوتی: "بەر لە دەست پێکردنی ئەم فێستیڤاڵە گەنج و لاوەکانمان هیچ ئاشنایەتییەکیان لەگەڵ یاری تیر و کەوان نەبوو، ئەمڕۆ فیدراسیۆنێکمان هەیە کە سێ ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە و نزیکەی ١١ هەزار وەرزشکار لەخۆ دەگرێت. ژمارەی یانە وەرزشییە ئەسپسوارییەکانمان رۆژانە لە زیادبووندایە، هاووڵاتیانمان خواستێکی زۆرییان بۆ ئەم وەرزشە هەیە".