Faruk Küçük
02 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 02 تەمووز 2023
ئەرزەڕۆم - AA
جووتیارێکی پارێزگای ئەرزەڕۆم کە بەهۆی سەختی گوزەرانی ژیانەوە بیری لەوە کردبووەوە گوندەکەی بەجێبهێڵێت، بەو پاڵپشتییەی کە لە چوارچێوەی "پڕۆژەی جووتیاری گەنج" وەریگرت، دەستی بە ئاژەڵداری کرد و لە ماوەی شەش ساڵدا، ژمارەی ئاژەڵەکانی لە ٣٤ سەر ئاژەڵەوە بۆ ٣٠٠ سەر ئاژەڵ زیاد کرد.
بولەنت کوچوک (٤٢ ساڵ) کە باوکی سێ منداڵە و دانیشتووی ناوچەی توڕناگۆلی سەربە قەزای کەرایازی-یە، بە دوورینەوەی دەغڵ و گژوگیا هەوڵی دەدا بەردەوامی بە ژیان بدات و بەهۆی سەختی گوزەرانی ژیانەوە بیری کردەوە روو بکاتە شار (ئەرزەڕۆم) و لە ساڵی ٢٠١٧دا، داواکاریی پێشکەش بە "پڕۆژەی جووتیاری گەنج" سەربە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و دارستانی پارێزگاکە کرد.
کوچوک دوای پەسەندکردنی داواکارییەکەی، مافی وەرگرتنی ٣٢ سەر مەڕ و دوو بەرانی پێ درا، بە زیادکردنی ژمارەی ئاژەڵەکانی بۆ ٣٠٠ سەر ئاژەڵ لە ماوەی شەش ساڵدا کە بە پشتیوانیی دەوڵەت دەستی پێ کرد، بوو بە خاوەن مێگەلە مەڕی خۆی.
بولەنت کوچوک بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە شوانێکی بۆ مەڕەکانی بەکرێ گرتووە و خۆی بەرخەکانی دەلەوەڕێنێت و گوتی: "شوانەکە دەمەو ئێواران مەڕەکان دەبات بۆ لەوەڕاندن، رۆژی دواتر دەیانهێنێتەوە ماڵەوە. بەرخەکانیش بەیانیان و نیوەڕۆ و ئێواران دەبرێن بۆ لەوەڕاندن و درەنگانی ئێوارە دەهێنرێنە ماڵەوە".
کوچوک باسی لەوە کرد، بە فرۆشتنی ئەو شیرەی لە مەڕەکانەوە دەستیان دەکەوێت بژێوی ژیانیان دابین دەکەن. ئاماژەی بەوەش دا کە هەموو ساڵێک بۆ ماوەی حەوت مانگ بەوردی چاودێریی ئەو بەرخانە دەکەن کە لە مانگی شوباتدا لەدایک دەبن و دواتر لە مانگی ئابدا دەیانفرۆشن و گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٧دا، ٣٢ سەر مەڕ و دوو سەر بەرانمان زیاد کرد بۆ ١٥٠ سەر، لەئێستادا نزیکەی ٣٠٠ سەرئاژەڵمان هەیە. زۆر سوپاسی دەوڵەتەکەمان دەکەین بۆ ئەم پاڵپشتیەی کردین، خوای گەورە لە دەوڵەتەکەمان رازی بێت".
- "دەوڵەتەکەمان بەردەوام پاڵپشتی جووتیاران دەکات"
بولەنت کوچوک جەختی لەوە کردەوە کە بەو پاڵپشتییەی کە لەلایەن دەوڵەتەوە پێیان دراوە، بڕیاری مانەوەیان لە گوندەکەدا داوە و گوتی: " ئەگەر پاڵپشتی دەوڵەت نەبووایە، دەچوومە شار، دوای ئەوەی دەوڵەت هاوکاریی کردم لە گوندەکەکەم مامەوە. دەوڵەت لە رێگەی پێدانی پەیین و سەر ئاژەڵیشەوە هاوکاریمان دەکات، بەردەوام پاڵپشتی جووتیاران دەکات".