سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان-عێڕاق، لە یادی ٣٤ ساڵەی دامەزراندنی پەرلەمانیی کوردستان، ماوە یاساییەکانی دەستبەکاربوونی خوولەکانی پەرلەمانی بڵاوکردووەتەوە.
بەرپرسی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان-عێڕاق، دکتۆر فوئاد ئەحمەد لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە کە لەگەڵ کۆتاییھاتنی ماوەی یاسایی پەرلەمان لە ھەرێمی کوردستان کە بۆ چوار ساڵ ھەڵدەبژێردرێت بەپێی یاسا بەرکارەکان پێویستە ھەڵبژاردنی خولێکی تری پەرلەمانی بەڕێوەبچێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ھاتووە: "لەفەسڵی سێیەم و ماددەی ١٢ی یاسای ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە کە، لە ١٥ ڕۆژ پاش تەواوبوونی ماوەی پەرلەمان یان کاتێک پەرلەمان خۆی بە بڕیارێک ھەڵدەوەشێنێتەوە، وادەی ھەڵبژاردن بە بڕیاری سەرۆکی ھەرێم دیاردەکرێت و بەر لەو وادە دیارکراوەدا لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە ھاووڵاتییانی لێ ئاگادار دەکرێتەوە، بە ماوەیەک لە مانگێک کەمتر نەبێت، دوای دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردنیش لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە بەفەرمانێکی ھەرێمی، لەو ڕۆژەدا ھەڵبژاردنی خولێکی تازەی پەرلەمانی بەڕێوە دەچێت".
ئەو ماوانەی پەرلەمان لەخولەکاندا تێایدادەستبەکار بووە
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە ڕۆژی ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ ھەڵبژاردن ئەنجامدرا، ڕۆژی سێی حوزەیرانی ١٩٩٢ ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن ڕاگەیانرا و بە بڕیاری ژمارە ١٢٠ دەستەی باڵای ھەڵبژاردن پەسند کرا، بۆیەش ڕۆژی چواری حوزەیرانی ١٩٩٢ دانیشتنی دەستپێکی خول بەڕێوەچوو، لەھەمان دانیشتن سەرۆکایەتی پەرلەمان ھەڵبژێردرا بەتەزکیە، چونکە یەک پالێوراو بۆ ھەر پۆستێک ھەبوو. دانیشتنەکە یاسایی بوو بە ڕەچاوکردنی ماددەی ٤٦ لەیاسای ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩١ یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە تیادا ھاتووە" ئەنجوومەن یەکەم دانیشتنی لە کاتژمێر ١٠ی سەر لە بەیانی دەیەمین ڕۆژی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن دەبەستێت". واتا دانیشتنەکە لەوادەی یاسایی خۆی و یەک ڕۆژ داوی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان ئەنجام درا.
بەپێی زانیارییەکانی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان – عێڕاق، ڕۆژی ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ ھەڵبژاردن ئەنجامدرا، ڕۆژی ١٧ی شوباتی ٢٠٠٥ ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن ڕاگەیەنرا، ڕۆژی چواری حوزەیرانی ٢٠٠٥ دانیشتنی دەستپێکی خولی دووەم بەڕێوەچوو، واتا سێ مانگ و ١٨ ڕۆژی خایاند تا دانیشتنی دەستپێک بەڕێوەچوو. لەھەمان دانیشتن سەرۆکایەتی پەرلەمان بەتەزکیە ھەڵبژێردرا، چونکە یەک پالێوراو بۆ ھەر پۆستێک ھەبوو. دانیشتنەکە یاسایی و بوو جگە لە ڕەچاونەکردنی ماددەی ٤٦ لەیاسای ژمارە (١) ساڵی ١٩٩١ یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە ڕۆژی ٢٥ی تەمووزی ٢٠٠٩ ھەڵبژاردن ئەنجامدرا، ڕۆژی ١٨ی ئابی ٢٠٠٩ ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن بەنووسراوی فەرمیی کۆمیسیۆن بە ژمارە ( خ/٩/١٤٣١ لە ١٨/٨/٢٠٠٩) ئاراستەی پەرلەمان کرا، ڕۆژی ٢٠ی ئابی ٢٠٠٩ دانیشتنی دەستپێکی خولی سێیەم بەڕێوەچوو، واتا دوو ڕۆژی خایاند تا دانیشتنی دەستپێک ئەنجام درا. لەھەمان دانیشتن سەرۆکایەتی پەرلەمان بەتەزکیە ھەڵبژێردرا، چونکە یەک پالێوراو بۆ ھەر پۆستێک ھەبوو. دانیشتنەکە یاسایی و بوو بەڕەچاوکردنی ماددەی (١٠) بڕگەی سێیەم لە یاسای ژمارە (١)ی ساڵی٢٠٠٥ ی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانی ھەموارکراو کە تیادا ھاتووە " لەماوەی (١٠)دە رۆژدا لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکەوە، فەرمانی بانگھێشتکردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی ھەرێم بۆ خولی یەکەمی کۆبوونەوەی خولی ھەڵبژاردن دەردەچوێنێت و، ئەگەر بانگھێشتی بۆ دەرنەکرا، ئەوا ئەنجوومەن، لە خۆیەوە، لە ڕۆژی دوای کۆتایی ماوەکە کۆ دەبێتەوە.
بەپێی بەشێکی دیکەی زانیارییەکانی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان، ڕۆژی ٢١ی ئەیلوولی ٢٠١٣ ھەڵبژاردن ئەنجامدرا، ڕۆژی ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠١٣ دەستەی دادوەریی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان بەبڕیارێک ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکەی پەسەند کرد، ڕۆژی شەشی تشرینی دووەمی ٢٠١٣ دانیشتنی دەستپێکی خولی چوارەم بەڕێوەچوو، واتا ٣٨ ڕۆژی خایاند تا دانیشتنی دەستپێک بەڕێوەچوو. دانیشتنەکە بێ ڕەچاوکردنی ماددەی (١٠) بڕگەی سێیەم لە یاسای ژمارە (١)ی ساڵی٢٠٠٥ ی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانی ھەموارکراو بەڕێوەچوو، ھاوکات لەدانیشتنی ڕۆژی ٢٩ی نیسانی ٢٠١٤ بەدەنگدانی نھێنی سەرۆکایەتی پەرلەمان ھەڵبژێردرا. واتا پێنج مانگ و ٢٣ ڕۆژ دانیشتنی دەستپێک بەکراوەیی مایەوە. جگە لەوەش دانیشتنی دەستپێک بۆ ماوەی پێنج مانگ و ٢٣ ڕۆژ بەکراوەیی مایەوە، کە ئەمە لە ھیچ دەقێکی یاسایی باس نەکراوە. پێچەوانەی خولەکانی پێشووش کە سەرۆکی خولی پێشووی پەرلەمان دانیشتنەکەی دەکردەوە و بانگی سەرۆکی تەمەنی دەکرد سوێندی یاسایی بخوات، لەم خولەدا و لەدانیشتنی دەستپێکدا سەرۆکی دیوان بانگی سەرۆکی تەمەنی کرد کە سوێندی یاسایی بخوات، کە ئەمەش لەھیچ دەقێکی یاسایی و پەیڕەوی ناوخۆدا لەوکات ئاماژەی پێ نەدرابوو. سەبارەت بە سوێندەکەش لەیاسای ھەڵبژاردن جۆرێکە و لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان جۆرێکی ترە، ھەرچەندە بەپێی بڕیارێکی ئەنجومەنی شوراو لە بابەتێکی تردا ئەوە یەکلابووەتەوە کە یاسا لەسەرووی پەیڕەوە، بۆیە بەدەقی ئەو سوێندەی لەیاسای ھەڵبژاردن ھاتووە سوێند دەخورێت. لەگەڵ ئەوەش پێویستە سوێندەکە یەکبخرێت.
لە زانیارییەکانی سەنتەرەکەدا ھاتووە: "ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٨ ھەڵبژاردن ئەنجامدرا، ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەم ٢٠١٨ کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنی ھەرێم بە بڕیاری ژمارە ٦٣ ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی ڕاگەیاند، ڕۆژی شەشی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ دانیشتنی دەستپێکی خولی پێنجەم بەڕێوەچوو، واتا ١٧ ڕۆژی خایاند تا دانیشتنی دەستپێک بەڕێوەچوو. لەم خولەشدا دانیشتنەکە بێ ڕەچاوکردنی ماددەی ١٠ بڕگەی سێیەم لە یاسای ژمارە (١)ی ساڵی٢٠٠٥ ی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانی ھەموارکراو بەڕێوەچوو.
لەبارەی ئەم خولەی ئیستای پەرلەمان، ئەوەخراوەتەڕوو کە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا، پڕۆسەی ھەڵبژاردن ئەنجامدرا و ڕۆژی ٢٤ی تشرینی دووەم کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنی عیراق ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکەی پەسەند کرد و بەنووسراوی ژمارە (خ /٢٤/ر.م/ ١٤٤) لە ٢٤ی تشرینی دووەم ئاراستەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە، ڕۆژی دووی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ دانیشتنی دەستپێکی خولی شەشەمی پەرلەمان بەڕێوەچوو، واتا ھەشت ڕۆژی خایاند تا دانیشتنی دەستپێک بەڕێوەچوو، دانیشتنەکە بە ڕەچاوکردنی ماددەی ١٠ بڕگەی سێیەم لە یاسای ژمارە (١)ی ساڵی٢٠٠٥ ی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانی ھەموارکراو بەڕێوەچوو، کە تیادا ھاتووە "لەماوەی دە ڕۆژدا لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکەوە، فەرمانی بانگھێشتکردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی ھەرێم بۆ خولی یەکەمی کۆبوونەوەی خولی ھەڵبژاردن دەردەچوێنێت و، ئەگەر بانگھێشتی بۆ دەرنەکرا، ئەوا ئەنجوومەن لە خۆیەوە، لە ڕۆژی دوای کۆتایی ماوەکە کۆ دەبێتەوە".
تا بڵاوبوونەوەی ئەم زانیاریانە، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان - عێڕاق ھەڵنەبژێردراوە. واتا بە نزیکی یەک ساڵ و پێنج مانگ و ١٨ ڕۆژە.
news_share_descriptionsubscription_contact

