Zana Natık Kerem
20 مای,س 2026•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2026
پارێزگاری بابل، عەلی تورکی جەمالی دوای ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ گرووپێکی چەکدار دەستی لەکار کێشایەوە، بەڵام ئەنجوومەنی پارێزگای بابل دەستلەکارکێشانەوەکەی پارێزگاری ڕەت کردەوە.
دیوانی پارێزگای بابل لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە گرووپێکی چەکدار رێگەیان نەداوە پرۆژەی (پردی جنسیە) لە پارێزگای بابل جێبەجێ بکرێت و بە چەک ڕووبەڕووی پارێزگار بوونەتەوە.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لەلایەن دیوانی پاریزگای بابڵ بڵاوکراونەتەوە، گرووپە چەکدارەکە بە چەکی بیکەیسی، ئاڕ پی جی و چەکی دیکەی سووک و مامناوەند لە ناوچەکە بڵاوبوونەتەوە چەکیان دژبە پارێزگای بابل بەرز کردووەتەوە.
ھاوکات دوێنێ سێشەممە پارێزگاری بابل، عەلی تورکی جەمالی لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاکەدا، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ئەو ھێرشەی کە کراوەتە سەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کرد.
لە بەرامبەردا ئەنجوومەنی پارێزگای بابل بە کۆی دەنگ، دەستلەکارکێشانەوەکەی پارێزگاری ڕەتکردەوە، بەڵام پارێزگار سوور بوو لەسەر پێشکێشکردنی داواکەی، بۆیە ئەنجوومەنی پارێزگای بال بڕیاریدا کارەکانی پارێزگار بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر ھەڵپەسێرێت.
عەلی تورکی جەمالی سەر بە بزووتنەوەی سادیقوون باڵی سیاسی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەھلی حەقە بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی و لە مانگی شوباتی ٢٠٢٦ ، لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای بابل وەک پارێزگار ھەڵبژێردرا.