İbrahim Toprak
02 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 03 تەمووز 2023
باتمان – AA
ژمارەیەک لە ژنانی شاری ساسۆن سەربە پارێزگای باتمان کە لەژێر چەتری "کۆمەڵەی ژنانی دەستپێشخەر بۆ بەرهەمهێنان" پێکەوە کار دەکەن لە دروستکردنی لوقم لە شیلک سەرکەوتوو بوون و خوازیارن ناوی ئەم جۆرە لوقمە لە لیستی خوانسازیی تورکیادا تۆمار بکرێت.
کۆمەڵەکە کە بە پشتیوانی پارێزگای باتمان و قایمقایمەتی ساسۆن لە ٢٠٢١ دامەزراوە لە ئامادەکاریدایە بۆ بەکارهێنانی شیلک-ی ساسۆن لە دروستکردنی لوقم، باسوق و سجوق.

سەرۆکی "کۆمەڵەی ژنانی دەستپێشخەر بۆ بەرهەمهێنان"، موحسینە بۆزکورت بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ساڵی رابردوو لە نزیکەی یەک تۆن شیلک، خواردنی جۆراوجۆریان دروست کردووە و فرۆشتوویانن و گوتی: "سەرکەوتوو بووین لە دروستکردنی لوقمی شیلک و ئەوەی خواردوویەتی زۆری پێ خۆش بووە".
موحسینە بۆزکورت سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە بەردەوام دەبن لە زیاتر دروستکردن و ناساندنی ئەم جۆرە لوقمە و گوتی: "داواکاریمان پێشکەش کردووە بۆ تۆمارکردنی لوقمی شیلک لە لیستی خوانسازیی تورکیادا و توانیوومانە لە شیلاوی شیلک ئەم لوقمە دروست بکەین و سەرکەوتوو بین لەوەدا".
ئەندام لە "کۆمەڵەی ژنانی دەستپێشخەر بۆ بەرهەمهێنان"، لالە باسوت ئاماژەی بەوە دا کە بۆ ئەوەی شیلکەکان زوو تێک نەچن خۆی لە ماڵەوە بە فڕن شیلکەکانی باخچەکەی وشک دەکاتەوە و لە کاتێکدا نرخی یەک کیلۆگرام شیلک ٢٥-٣٠ لیرەیە، یەک کیلۆگرامی بە وشککراوەیی لەنێوان ٤٥٠-٥٠٠ لیرەیە.