Ekip
16 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 17 مای,س 2023
ھەولێر – AA
حکوومەتی عێراق دوای شەش مانگ لە ھەوڵدان و ئامادەکاری، بەردەوامە بۆئەوەی رێگایەکی خێرا بۆ کۆتاییھێنان بە قەیرانی بڕینی کارەبا لە پارێزگاکان و زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە ھاووڵاتییان و رزگاربوون لە مۆلیدە ئەھلییەکان بدۆزێتەوە.
ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە کە عێراق ساڵانێکی زۆرە نەیتوانیووە بڕی کارەبای پێویست بۆ دامەزراوەکان، ھاووڵاتییان و کارگەکان دابین بکات، ئەوەیش لە کاتێکدایە عێراق دوای سعوودیە لە رێکخراوی ئۆپێک، بە دووەم گەورەترین بەرھەمھێنەری نەوتی خاو دادەندرێت کە رۆژانە تێکڕا چوار ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل بەرھەم دەھێنێت.
ھەوڵەکانی حکوومەتی عێراق ھاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە بە بەردەوامی کوژانەوەی گشتیی کارەبای نیشتمانیی (Shut Down) لە زۆربەی شارەکانی ئەو وڵاتە روودەدات، بە تایبەتیش لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاوین کە پلەکانی گەرما دەگاتە سەروو ٤٣ پلەی سەدی.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، وەزارەتی کارەبای عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدابوو کە وەزیری کارەبا، زیاد عەلی فازڵ لەگەڵ وەزیری نەوتی ئێران، جەواد ئۆجی کۆبووەتەوە.
راشیگەیاندبوو لە میانی کۆبوونەوەکەدا، دۆسیەی دابینکردنی غاز لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق تاوتوێ کراوە.
عێراق ساڵانێکی زۆرە بۆ دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت، بەڵام ناوە ناوە ئێران بە بیانووی جیاجیا ھەناردەکردنی غاز بۆ عێراق رادەگرێت.
لە ساڵانی رابردوودا، عێراق لە پاڵ ھاوردەکردنی غاز بۆ وەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا، ھەروەھا ھەزار و ٢٠٠ میگاوات کارەبای ھاوردە کردووە.
لەوبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەحمەد موسا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند کە حکوومەتی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە، پلانێکی بە ئامانجی زیادکردنی بەرھەمھێنان و ھاوردەکردنی کارەبا داناوە.
ئاماژەی بەوەیش دا، ھەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بەو ئاراستەن کە وەزارەتی کارەبا ژووری قەیرانەکان دابمەزرێنێت، ھەروەھا پلانی ستراتیجیی بە ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەمی کارەبا لە وەرزی ھاویندا دابنێت.
باسی لەوەیش کردووە کە ژمارەیەک وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبا لە سەرجەم پارێزگاکاندا دروست کراون و لەئێستادا ئەو وێستگەکانە ئامادە کراون بۆ ئەوەی وەگەربخرێن کە توانای بەرھەمھێنانی ٢٤ ھەزار میگاوات کارەبایان ھەیە.
بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبای عێراق لەئێستادا، ١٩ ھەزار میگاوات کارەبا بەرھەم دەھێندرێت لە کاتێکدا بۆ پڕکردنەوەی پێدوایستییەکان، ئەو وڵاتە پێویستی بە ٣٠ ھەزار میگاوات کارەبا ھەیە.
ئەحمەد موسا گوتیشی: "بەدڵنیایییەوە ھاوینی ئەمساڵ جیاواز دەبێت لە ھاوینەکانی رابردوو، چونکە بەرھەمھێنان کارەبا و پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانیی زیاد دەکات، ھەروەھا پلانشیمان ھەیە سەرجەم وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا وەگەر بخەین".
ھاوکات ژمارەیەک ھاووڵاتی عێراق کە قسەیان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کرد پێیان وایە کە دۆسیەی وزەی کارەبا لە ساڵانی رابردووەوە تا ئێستا بە باشی کاری لەسەر نەکراوە.
لەمبارەیەوە ھاووڵاتی عەلی ئەمجەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد قەیرانی کەمی کارەبا لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاویندا زیاد دەکات و گوتی: "لە وەرزی ھاویندا بە بەردەوامی کوژانەوەی گشتیی کارەبای نیشتمانیی لە زۆربەی شارەکاندا روودەدات کە ئەوەیش کاریگەریی لەسەر ژیانی ھاووڵاتییان دروست دەکات، چونکە زۆربەی عێراقییەکان لە چینی کرێکارن، ھەروەھا کوژانەوەی گشتیی کارەبای نیشتمانیی، دەرگایەکی دیکەی کردووەتەوە بۆ گەندەڵی و چاوچنۆکی خاوەن مۆلیدەکان".
ھاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی لەیس جوامیر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە ھیچ متمانەی بە بەڵینەکانی حکوومەت نییە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەمی کارەبا و گوتی: "کەی مۆلیدە ئەھلییەکان لە شارەکانی عێراق ھەڵگیران، ئەو کات حکوومەت دەیسەلمێنت کە جیددیە لە کۆتاییھێنان بە قەیرانەکە".
لەیس جوامیر ئاماژەی بەوەیشدا، لێدوانەکانی وەزارەتی کارەبا کە بەرپرسی یەکەمە لە قەیرانەکە تەنھا بۆ بەکارھێنانی میدیاییە، لەوە زیاتر ھیچی دیکە نییە.
ھەر لەوبارەیەوە ھاووڵاتییەکی دیکە بەناوی مستەفا سەقەر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە کوژانەوەی گشتیی کارەبای نیشتمانیی، ساڵانە لەگەڵ سەرەتای وەرزەکانی ھاوین و زستاندا رووی دەدا، بەڵام ئەوەی ھاووڵاتی عێراقی تووشی سەرسوڕمان کردووە، ئەوەیە ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران و بەرپرسی حکوومی بەڵێن دەدەن کە چی ھیچ کام لەو بەڵێنانەیان بەدی ناھێنن، بە تایبەتیش ئەوەی کە پەیوەستدارە بە باشتبوونی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتییان".
عێراق ساڵانێکی زۆرە بەھۆی شەڕ و ناسەقامگیریی رەوشی ئەمنی، ھەروەھا بڵاوبوونەوەی گەندەڵی بەدەست کەمی کارەباوە دەناڵێنێت.
لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاویندا، خۆپیشاندان لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق دژبە نەبوونی کارەبا ئەنجام دەدرێن، بە تایبەتیش کە پلەکانی گەرما لەو وەرزدا لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق دەگاتە ٤٣ پلەی سەدی و ھەندێک جارە دەگاتە ٤٨ پلەی سەدی.
ساڵی رابردوو حکوومەتی عێراق ژمارەیەک یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ سعوودیە بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا واژوو کرد کە بەپێی یاداشتنامەکان، ھەردوو وڵات بە تۆڕی کارەبا دەبەسترێنەوە.
عێراق ھەوڵی ھەمەجۆڕکردنی سەرچاوەکانی ھاوردەکردنی کارەبا دەدات، دوای ئەوەی لە میانی ساڵانی رابردوودا، بۆ دابینکردنی کارەبا تەنھا پشتی بە ئێران بەستبوو.