Rewa Mahmood Hasan
16 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 17 مای,س 2023
سلێمانی - AA
کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی کۆتایی هات.
دوای ئەوەی لەسەر راسپاردەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی هەردوو لا بڕیاری کۆبوونەوەیان دا، ئەمڕۆ ١٦ی ئایاری ٢٠٢٣ وەفدێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-یان کرد و دوای کۆبوونەوەیەکی سێ کاتژمێری راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.
لە راگەیەندراو ئاماژە بەوە کراوە کە دوای دەستپێشخەرییەکەی کاک مەسعود بارزانی (سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان) کە رۆژی ١١ی ئایاری ٢٠٢٣ لە مەڕاسیمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی خستییەڕوو، ئەمڕۆ ١٦ی ئایاری ٢٠٢٣، ھەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆبوونەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا وێرای بەرزنرخاندنی دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی کە لە کاتی پێویستدا ھات، ھەردوو لا ھاوڕابوون کە پێکەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش ھەنگاوی کرداری بنرێت بۆ بەپیرەوەچوونی ئەو دەستپێشخەرییە و ناو ماڵی (هەرێمی) کوردستان رێکبخرێتەوە و لاپەرەیەکی نوێ لە کۆی پەیوەندییەکان بکرێتەوە".
بەپێی راگەیەندراوی کۆبووەنەوەکە، ئاماژە بەوە دراوە کە ھەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی دەستخۆشی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان دەکات بۆ پەسەندکردنی پرۆژەی رێکخستنەوەی دارایی کە پرۆژەی تێکڕای لایەنەکانی پێکھێنەری کابینەی نۆیەم و ھەردوو مەکتەبی سیاسیی بەتەواوی پشتیوانی لێ دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوو لا ھاوڕابوون لەسەر بەھێزکردنی قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی و پەلەکردن لە ھەنگاوە یاسایی و سیاسییەکان بۆ فەراھەمکردنی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی خۆیدا لەمساڵدا.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ھەردوولا خوازیاری ئەوەین کە ھەموو لایەک ھاوکار بن لەبەردەوامی کەشی برایەتی و کاری پێکەوەیی و نەھێشتنی کەلێنەکانی رابووردوو. ھەردوو لا بڕیارماندا وەک یەک تیم کار بکەین و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکەش ئەنجامبدرێت بۆ فەراھەمکردنی کەشی لەبار لە رووی یاسایی و سیاسییەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و رووبەڕووبونەوەی ئەو تەحەدیاتانەی لە ناوچەکەدا ھەیە".
ئەندامانی وەفدی یەكێتی پێکهاتبوون لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی خەسرەو گوڵ محەمەد، شاڵاو عەلی عەسكەری، عیماد ئەحمەد و رزگار حاجی، ئەمین بابەشێخ و میران محەمەد لە وەفدی پارتی-یش هەریەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی مەحمود محەمەد، رێبوار یەڵدا، عەلی حوسێن، پشتیوان سادق، هێمن هەورامی و جەعفەر ئیمینكی بەشداری كۆبوونەوەكە بوون.