Arbil
هەولێر - AA
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل ڤاکسینی جۆری ئاسترازینکای وەرگرت.
جووتیار عادل لە هەماژی تایبەتی خۆی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیی بڵاویکردووەتەوە کە ڤاکسینی دژەکۆرۆنای وەرگرتووە.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی خۆی لەکاتی وەرگرتنی ڤاکسینەکە و پسوولەی ڤاکسینەکە نووسیوویەتی: "متمانەی تەواوم بە هەڵمەتی کوتان دژبە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە بۆ ئەوەی زیاتر رێگری بکەین لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە".
جووتیار عادل هیوای خواستووە هاووڵاتییان ناوی خۆیان تۆماربکەن و ڤاکسین وەربگرن.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی نووسینەکەیدا هاشتاگی #ڤاکسین_وەردەگرم-ی داناوە.
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە تا ئێستا گەیشتووەتە ١٣٢ ھەزار و ٢٧٠ حاڵەت کە لەو ژمارەیە سێ ھەزار و ٧٨٦ کەس گیانیان لەدەستداوە.