Fakhradın Ibrahım Mohammad
15 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمریکا مارک ئیسپەر کۆبوویەوە.
بە پێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی دیدار و کۆبوونەوەکانی کۆنفراسنی ئاسایشی میونشن، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمریکا مارک ئیسپەر کۆبوویەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی دۆخی عێراق و ناوچەکە تاوتوی کرا و وەزیری بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە کە هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.
ئیسپەر جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە لە پشتیوانیکردن و راهێنانی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەکانی داعش بەردەوام دەبن.
لە بەرامبەردا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانیی ئەمریکای کردووە و جەختی لەوە کردەوەتەوە کە هاوپەیمانێتی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە.